شرۆڤە١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦

چەک داماڵینی میلیشیاکان: تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق

شاهۆ قەرەداغی

چەک داماڵینی میلیشیاکان: تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە شەش مانگ بەسەر دەستبەکاربوونیدا تێدەپەڕێت، خەریکە درک بەوە دەکات کە دانیشتن لەسەر کورسیی سەرۆکوەزیران و هەبوونی توانای کۆنترۆڵکردنی چەک، دوو بابەتی تەواو جیاوازن لە یەکتر. حکومەتەکەی زەیدی، بەتایبەتی دوای یەکەمین سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا، چەک داماڵینی گرووپە نزیکەکانی ئێرانی کردە بەڵێن و پابەندبوونی سەرەکیی خۆی.

متمانەپێکراویی دەوڵەتی عێراق تا دێت زیاتر بەوە دەبەسترێتەوە کە ئایا دەتوانێت ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکات یان نا. بەڵام ئەنجامەکانی تا ئێستا وێنەیەکی تێکەڵ دەخەنە ڕوو: هەرچەندە لەسەر کاغەز و لە لێدوانە فەرمییەکاندا هەندێک پێشکەوتن بەدی هاتووە، بەڵام لە مەیدانەکەدا بەرەنگاربوونەوە بەردەوامە؛ واشنتۆن و تارانیش لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوتی پرسەکە دەکەن.

پڕۆسەکە لە چ قۆناغێکدایە؟

زەیدی، لە ئایاری ٢٠٢٦ـدا بە بەڵێنی ئەوەی کە چاوپۆشی لە بوونی "دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا" ناکات، دەستبەکار بوو. یەکەمین ئامانجی ئەوە بوو کە هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، تا مانگی ئەیلوول چەک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە. بەڵام بەرەنگاربوونەوەی گرووپەکان پڕۆسەکەی پەکخست و زەیدی ناچار بوو دوا مۆڵەت تا ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٧ درێژ بکاتەوە. دواتریش یەکێک لە ڕاوێژکارانی حکومەت دانی بەوەدا نا کە لە ماوەی ئەمساڵدا ناگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

هەڵوێستی فەرمی گەشبینیی پێوە دیارە، وتەبێژێکی حکومەت ئاشکرای کرد کە پێنج گرووپی چەکدار قایل بوون بەوەی چەکەکانیان ڕادەستی دەسەڵاتی دەوڵەت بکەن و گفتوگۆ و دانوستانیش لەگەڵ دوو گرووپەکەی تردا بەردەوامیی هەیە. هەروەها فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا بە ڕێکخستنەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک ڕازی بوون، هاوکات دانوستانەکان لەگەڵ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک درێژەیان هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، وێڕای گەشبینیی لێدوانە فەرمییەکان، ئەم دوو گرووپە سووربوونی خۆیان دووپات کردەوە لەسەر ئەوەی دەستبەرداری چەکەکانیان نەبن، پابەند بن بە دۆکتۆرینی "یەکێتیی بەرەکان" و بۆ جەنگ ئامادە بن ئەگەر لە داهاتوودا هێرش بکرێتە سەر ئێران. ئەم هەڵوێستە ڕاستەوخۆ دژی هەوڵەکانی زەیدییە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی عێراق لە دەرەوەی ململانێکانی ناوچەکە.

بەربەستەکانی بەردەم چەک داماڵین

ماوەی چەند مانگێکە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕاپۆرتانەی سەرەتای مانگی تشرینی دووەم بڵاو کرانەوە دەریدەخەن کە زەیدی، پاش ڕەتکردنەوەی لێکتێگەیشتنێکی نووسراو کە مەرج و خشتەیەکی زەمەنیی بۆ پڕۆسەکە تێدابوو، لیژنەی دانوستانکاری چوارچێوەی هەماهەنگیی لە پڕۆسەکە دوور خستووەتەوە.

هاوکات زانیارییە مەیدانییەکان دەریدەخەن کە بەشێک لە گرووپەکان، وێڕای ئەوەی بانگەشەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت دەکەن، لە کرداردا شوێنی جبەخانە و کۆگاکانی چەکیان گواستووەتەوە، چەکەکانیان داوەتە دەست ئەو گرووپانەی چەککردن ڕەت دەکەنەوە، یان چەکەکانیان بە زیاتر لە ناو و گرووپێک تۆمار کردووە. ئەمەش وا دەکات وا لێک بدرێتەوە کە ئەم گرووپانە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە پابەندی پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک نین و پێشهاتەکانی ئێستاش تەنها بە قۆناغێکی کاتی و ناسەقامگیر دادەنێن کە ناچارن تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی ملکەچی بن.

زانیارییەکانی دیکەش ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە سەرکردەی گرووپەکان بە سەرۆکوەزیرانیان ڕاگەیاندووە کە قایلبوونیان بە چەکدانان یان نەکردنی، بەندە بەوەی کە ئایا جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران سەرلەنوێ هەڵدەگیرسێتەوە یان نا. ئەمەش کرۆکی کێشەکە ئاشکرا دەکات؛ بەوەی ئەم گرووپانە چەکەکانیان وەک بابەتێکی ناوخۆییی عێراق سەیر ناکەن کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت، بەڵکو وەک گەرەنتی و پارێزبەندییەکی ستراتیژی بۆ ئێران تەماشای دەکەن.

جورف ئەلسەخر: تاقیکردنەوەی فشارەکان لەسەر توندترین گرووپ

لەم سۆنگەیەوە، بایەخ و گرنگیی جورف ئەلسەخر بە تایبەتی بەرجەستە دەبێتەوە. ئەم ناوچەیە کە لە باشووری بەغدا هەڵکەوتووە، لە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، گۆڕاوە بۆ قەڵایەکی داخراو بە ڕووی دەرەوەدا بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا؛ هاوکات خەڵکە ڕەسەنەکەی ناوچەکەش تا ئێستاش لە دۆخی ئاوارەییدا دەژین.

هاوتەریب لەگەڵ مشتومڕەکانی گەڕاندنەوەی چەک بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، ڕاپۆرتێکی نهێنیی هەواڵگری بڵاو کراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە چوار شوێنی نهێنیی ناو ناوچەکەدا ١٠٥ تانکەری سووتەمەنی بینراون. زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای وێنەی مانگە دەستکردەکان و سەرچاوە مەیدانییە باوەڕپێکراوەکان بوون. هاوکات ڕاپۆرتەکە ئەوەی یەکلایی کردووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە بە قاچاخ نەوت لە بۆرییەکانی دەوڵەت ڕاکێشراوە.

وادیارە هەم جەختکردنەوەی حکومەت لەسەر ئەم بابەتە و هەم کات و ساتی دزەپێکردنی ڕاپۆرتەکەش، هەنگاوێکی بە مەبەست و بەرنامەبۆداڕێژراوە. پاش ئەو مشتومڕ و تۆمەتبەخشینەوەیەی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا لە نێوان کەسە نزیکەکانی زەیدی و سەرکردە و سیما میدیاییەکانی گرووپەکەدا سەری هەڵدا، بەغدا هەوڵ دەدات فشارە دارایی و ئابوورییەکانی سەر گرووپە چەکدارەکان توندتر بکاتەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا.

هەینیی ڕابردوو، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە یاوەریی پۆلیسی فیدراڵی و یەکەکانی سوپا چووە ناو جورف ئەلسەخرەوە و بەم شێوەیەش دوای ١٢ ساڵ بۆ یەکەمجار بوونی دەوڵەت لە ناوچەکەدا بینرا؛ بەڵام میلیشیاکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا پێداگرییان کرد لەسەر پشکنینی وێنەگرەکە پێش ئەوەی ڕێگە بە چوونەژوورەوەی کامێراکان بدەن. گرژی و ڕووبەڕووبوونەوەکان لەو ڕۆژەوە زیاتر هەڵکشاون. ڕۆژی دووشەممە وتەبێژێکی حکومەت ڕایگەیاند کە زەیدی فەرمانی ناردنی هێزی سەربازیی بۆ ناوچەکە دەرکردووە و مۆڵەتی داوەتە گرووپەکە تا ناوچەکە چۆڵ بکەن؛ بەپێی زانیارییەکانیش ئەم مۆڵەتە لە کۆتاییی ئەم هەفتەیەدا تەواو دەبێت. کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هۆشداریی دایە هێزە عێراقییەکان کە نەچنە ناو ناوچەکەوە؛ بەپێی ڕاپۆرتەکانیش، چوارچێوەی هەماهەنگی کە لە ناوخۆیدا دابەش بووە، دەستی بە نێوەندگیری کردووە.

دەتوانرێت ئەم پێشهاتانە بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵبسەنگێنرێن وەک بەشێک لە ستراتیژێکی پلەبەندی کە پێش هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، بە هەڵماڵینی ئابوورییە نایاساییەکە دەست پێ دەکات. لە بەرامبەردا، بە خوێندنەوەیەکی ڕەشبینانەتر، دەسەڵاتی دەوڵەت تا ئێستاش لە بەردەم بازگەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپەکاندا دەوەستێت. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا، ئاستی جدیبوونی پڕۆژەی چەککردن دواجار لە جورف ئەلسەخر تاقی دەکرێتەوە.

بڕینی سەرچاوەکانی پارەدارکردن: دەروازە سنوورییەکان

لایەنی ئابووری دووەم خاڵی فشارە لەسەر گرووپە چەکدارەکان. ئەم گرووپانە لە ڕێگەی داهاتەکانی گومرگ، کاری قاچاخ و گرێبەستە بازرگانییەکانەوە، دەسەڵات و هەژموونێکی داراییی بەرچاویان بەدەست هێناوە. هەر بۆیە وشککردن و بێبەشکردنیان لەم سەرچاوانەی داهات، دەکرێت ناچاریان بکات پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیاندا بکەن.

زەیدی لە چەندین بواردا هەنگاوی نا و ئەو گرێبەستانەی لە فڕۆکەخانەی مووسڵدا هەڵوەشاندەوە کە پەیوەست بوون بە گرووپە چەکدارەکانەوە؛ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ئەم هەنگاوەی وەک "پیادەکردنی کردەییی سەروەری" وەسف کرد.

پاش ئەوەی لە مانگی ئەیلوولدا لە خاکی عێراقەوە چەند درۆنێک بەرەو هێڵی بۆریی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای سعوودیە نێردران، زەیدی فەرمانی دا بە داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران؛ هەرچەندە سێ لەو دەروازانە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دووبارە کرانەوە.

لە کاتێکدا هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پرسەکەی پێ گەیشتووە، سەرۆکوەزیران لە ٢١ـی تشرینی یەکەمدا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خۆی دەروازەی سنووریی شەیبی داخست کە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە. ئەم مانگە، دەروازەی شەیب دوای ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی ئەمنی و دانانی ئامێرەکانی پشکنین و ئاشکراکردن سەرلەنوێ کرایەوە، لە کاتێکدا دەروازەی سنووریی مەندەلی بەو پاساوانەی کە بەرپرسان بە تەکنیکی وەسفیان کردووە، بە شێوەیەکی کاتی داخرا.

هەرچەندە لێدوانە فەرمییەکان ئاماژە بە پاساوە تەکنیکی و ئەمنییەکان دەکەن، بەڵام وێنە گشتییەکە ڕوونە. عێراق هەشت دەروازەی سنووریی وشکانیی لەگەڵ ئێران هەیە و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتیش ساڵی ڕابردوو ١٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاند. کەواتە کۆنترۆڵکردنی ئەم دەروازانە، هاوکات بە واتای کۆنترۆڵکردنی یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی داراییی وڵات دێت.

واشنتۆن و تاران چۆن لە دۆخەکە دەڕوانن؟

ئەمریکا سەبارەت بە پڕۆسەی داماڵینی چەک لە میلیشیاکان فشارێکی زۆر و جدی دەخاتە سەر حکومەتی زەیدی؛ ڕاپۆرت و هەواڵەکانیش دەریدەخەن کە واشنتۆن هەڕەشەی سزا دارایییەکان و تەنانەت ئەنجامدانی هێرشی سەربازیش دەکات. وێڕای ئەوەی ئەم فشارە کاریگەر و گرنگە، بەڵام ئەگەر وا دەربکەوێت کە بەغدا ملکەچی سەپاندنەکانی ئەمریکایە و جێبەجێیان دەکات، ئەوا دەکرێت ئەمە ببێتە دەرفەتێک بۆ گرووپە چەکدارەکان تا خۆیان وەک بەرگریکاری کەرامەتی نیشتمانی و سەروەریی وڵات وێنا بکەن.

لەبەر ئەمە، پێویستە سیاسەتی بەغدا، هەم لە ڕووی خاڵی دەستپێک و هەم لە ڕووی پڕۆسەی بڕیاردانەوە، وەک سیاسەتی خودی عێراق ببینرێت.

لە بەرامبەردا ئێران، تا ململانێکانی لەگەڵ واشنتۆن بە هەڵپەسێردراوی و بێ چارەسەر بمێننەوە، هیچ پاساو و هۆکارێکی ئەوتۆ نابینێت تا دەستبەرداری گرنگترین ئامرازەکانی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا ببێت. تاران بە ئەنجامدانی مانۆڕ هەوڵ دەدات خۆی بدزێتەوە لەوەی ناچار بکرێت لە نێوان هەژموونە ئابوورییەکەی لە عێراق و گرووپە چەکدارە بریکارەکانیدا بژاردەیەک بکات. لەم ڕوانگەیەوە، هەوڵ دەدات کات بکڕێت، ڕەوتی پڕۆسەکە دوا بخات و حکومەت تا ئەوپەڕی ماوەی گونجاو بە دروستکردنی لیژنە و ئەنجامدانی دانوستانەوە سەرقاڵ بهێڵێتەوە.

سەرکەوتن، شکست و تاقیکردنەوەی داهاتوو

لەم پڕۆسەیەدا تەنانەت بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سنوورداریش، تاکە دەسەڵاتی دەوڵەت لە بەکارهێنانی هێزی ڕەوادا سەرلەنوێ دەچەسپێنێتەوە، متمانە لای وڵاتانی کەنداو و وەبەرهێنەران دروست دەکات و ڕێگە لەوە دەگرێت عێراق بگۆڕێت بۆ مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ناوچەکە.

لە بەرامبەردا، شکست هێنان بە مانای ئەوە دێت کە گرووپە چەکدارەکان بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ڤیتۆی کردەیی لەسەر بڕیارەکانی حکومەت، هەر کاتێک گرژییەکانی ناوچەکە پەرەیان سەند عێراق ببێتە ئامانجێکی کراوە بۆ هێرشە سەربازییەکان، گۆشەگیریی داراییی وڵات قووڵتر ببێتەوە، و ئەو قەناعەتەش جێگیر ببێت کە لە حکومەتەکانی داهاتوودا، دانی بەڵێنی چاکسازی زۆر ئاسانترە لە جێبەجێکردنی.

لە لایەکی ترەوە، سێ نیشانە و پێوەر ئەوە یەکلایی دەکەنەوە کە پڕۆسەکە لە واقیعدا چەندە جدییە: بڵاوکردنەوەی لیستی ئەو گرووپانەی چەکیان داناوە، دانانی میکانیزمی سەربەخۆ بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕادەستکردنی چەکەکان، و سزادانی ڕاستەقینەی ئەوانەی ڕێگری لە پڕۆسەکە دەکەن.

جورف ئەلسەخر و دەروازە سنوورییەکان دەبنە گرنگترین ئەو مەیدانانەی کە ئەم پێوەرانە تێیاندا دەخرێنە ژێر تاقیکردنەوەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە هەموو سەرۆکوەزیرانێکی عێراق بەڵێنی ئەوەی داوە کە هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بچەسپێنێتەوە. بەڵام هەموویان بەر خەرەندی نێوان گوتاری سیاسی و واقیعی جبەخانەکان کەوتن؛ سەروەریی نیشتمانیش لەناو ئەم خەرەندەدا بەردەوامە لە ونبوون.

Share
شاهۆ قەرەداغی

شاهۆ قەرەداغی

شاهۆ قەرەداغی، توێژەر و نووسەرێکی سیاسیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقە. قەرەداغی کە پسپۆڕە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، وەک ڕاوێژکار لە سەنتەری عێراقی نوێ بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە کار دەکات. لە کار و توێژینەوەکانیدا، تیشک دەخاتە سەر پرسەکانی کوردانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و حوکمڕانیی باش.