شرۆڤە٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦

ئایا سیاسەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بگاتە هاوسەنگییەکی نوێ لەنێوان پارتی و یەکێتیدا؟

د. شۆخان ئایدۆغان

ئایا سیاسەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بگاتە هاوسەنگییەکی نوێ لەنێوان پارتی و یەکێتیدا؟

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ٢٠ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا، هەرێم هێشتا نەبووەتە خاوەنی کابینەیەکی نوێی حکوومەت. ئەم دۆخە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی یەکێک لە درێژترین قەیرانەکانی پێکهێنانی کابینە لە مێژووی سیستەمی سیاسیی هەرێمدا. ئەم دواکەوتنە لە پرۆسەی باو و نەریتیی سازش و دانوستاندنی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەکان تێپەڕیوە؛ بەمەش پرسیاری قووڵتری لەبارەی توانستی خۆڕاگری و بەردەوامیی سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستان خستووەتە ئاراوە.

ئەم بنبەستە تەنیا لە ململانێی سەر پۆستە وەزارییەکان یان دابەشکردنی دەستکەوتی حوکمڕانی و پلە باڵاکاندا قەتیس نابێتەوە؛ بەڵکو لە جەوهەردا ڕەنگدانەوەی ئاڵنگارییەکی قووڵتری سیاسەتی ناوخۆیییە: ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەکێتی) دەتوانن لە ژینگەیەکی سیاسیدا کە لە جاران کێبڕکێکارانەتر، لە ڕووی ئابوورییەوە سنووردارتر و لە ئاستی هەرێمیشدا ئاڵۆزتر بووە، پێناسەیەکی نوێ بۆ نەخشەی پەیوەندییەکانیان دابڕێژنەوە؟

گۆڕانی داینەمۆکانی دابەشکردنی دەسەڵات

بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە، پەیوەندیی نێوان پارتی بە ناوەندی هەولێر و یەکێتی بە ناوەندی سلێمانی، ئاراستەی گشتیی هاوکێشەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە. سەرەڕای قۆناغەکانی ململانێی توند (لە نێویاندا شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەدەکان)، لە کۆتاییدا هەردوو پارت سیستەمێکی هاوسەنگییان لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات لە ڕێگەی دانوستاندنەوە چەسپاند. ئەم فۆرمولەیە، هەرچەندە ڕووبەڕووی ئەو ڕەخنەیە بووەتەوە کە حوکمڕانیی حیزبسالاری و دابەشبوونی دامەزراوەیی قووڵتر کردووەتەوە، بەڵام لە پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پێکدادانی ناوخۆدا ڕۆڵێکی بنەڕەتیی گێڕاوە.

نەخشەی ئێستای دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان، هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزبوونی ئەم دانوستاندنانە ڕوون دەکاتەوە. پارتی بە مسۆگەرکردنی ٣٩ کورسی خۆی وەک گەورەترین فراکسیۆن پاراست، لە بەرامبەردا یەکێتی ٢٣ کورسیی بەدەستهێنا؛ هاوکات جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە بەدەستهێنانی ١٥ کورسی، پێگەی خۆی وەک گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان جێگیر کرد.

ئەم هاوکێشە نوێیە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دانوستاندنەکانی دوای پرۆسەی دەنگدان دروست کرد. یەکێتی لە ڕێگەی هاوئاهەنگی و نزیکبوونەوەی لەگەڵ نەوەی نوێدا، پێگەی دانوستاندنی خۆی بەهێزتر کرد. هەرچەندە ئەم هاوپەیمانێتییە ناڕاستەوخۆیە بە تەنیا زۆرینەی پێکهێنانی حکوومەت دروست ناکات، بەڵام لە ڕێگەی سنووردارکردنی دەسەڵاتی پارتی لە پەرلەماندا و فراوانکردنی مەودای مانۆڕ بۆ یەکێتی، ژینگەی دانوستاندن و سازشی سیاسیی تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕی.

پارتی لە دیدگای دانوستاندنی دووقۆڵیی نێوان حزبەکانەوە لە پێکهێنانی کابینە دەڕوانێت، لە کاتێکدا یەکێتی بە پشتبەستن بە پێگەی نوێی پەرلەمانی لەگەڵ نەوەی نوێ داکۆکی لەوە دەکات وەک یەک بلۆکی بەهێز مامەڵە بکات. باڵی سلێمانی لە کابینەی نوێدا داوای هاوبەشیی نیوە بە نیوە (٥٠ بە ٥٠) دەکات، لە بەرامبەردا پارتی پێداگری لەسەر پاراستنی شایستەی هەڵبژاردنی خۆی دەکات وەک گەورەترین هێزی پەرلەمانی. لەگەڵ گەیشتنی دانوستاندنەکان بە بنبەست، پارتی تەنانەت ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختەشی هێناوەتە ڕۆژەڤ. بەم شێوەیە لە کاتێکدا هەردوو لایەن هەوڵی بەرزکردنەوەی سەنگی دانوستاندنی خۆیان دەدەن، پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت زیاتر بەرەو بنبەست دەچێت.

سەرەڕای ئەوەش، ئەم چەقبەستووییەی ئێستا، هێندەی ئەوەی دووپاتکردنەوەی جەمسەربەندیی مێژوویی نێوان پارتی و یەکێتییە، هێندە نیشانەی داڕمانی تەواوەتیی هاوسەنگیی نێوانیان نییە. لەم قۆناغەدا گرێکوێرەی سەرەکی چیتر ئەوە نییە کە ئایا لە کۆتاییدا پێکەوە دەگەنە ڕێککەوتن یان نا، بەڵکو پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا دەتوانن مەرجەکانی ئەم پێکەوەکارکردنە بە جۆرێک دابڕێژنەوە کە لەگەڵ واقیعی سیاسی و ئابووریی ئەمڕۆی هەرێمدا بگونجێت؟

ئایا ڕێگەیەکە بەرەو هاوسەنگییەکی نوێ؟

سەرەڕای گۆڕانی پێکهاتەی پەرلەمان، واقیعی جیۆپۆلەتیکی و سیاسیی هەرێم هێشتا ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەکاتە پێویستییەکی حەتمی؛ چونکە تەنانەت بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ نەوەی نوێش، مەحاڵە یەکێتی بتوانێت بەبێ پارتی حکوومەتێکی سەقامگیر پێکبهێنێت، بە هەمان شێوەش، پارتی ناتوانێت چاوپۆشی لە پێگەی سیاسی و قورساییی دامەزراوەیی یەکێتی بکات.

کەواتە لە سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا کە لەسەر بنەمای تەوافوق و سازان کار دەکات، بردنەوە لە هەڵبژاردن بە تەنیا، مەرجی دەستەبەرکردنی حوکمڕانیی سەرتاسەری نییە. لەبەر ئەوە، ئەم بنبەستەی ئێستا لە مامەڵە و سازشەکانی سەر وەزارەتەکان تێدەپەڕێت و لە جەوهەردا پرسیارێکی بنەڕەتیتر لەخۆ دەگرێت: ئایا پارتی و یەکێتی دەتوانن هاوسەنگییەکی پاوەجێی دەسەڵات دابمەزرێنن کە گوزارشت لە هاوکێشە نوێیەکان بکات؟

لە لایەکی دیکەوە، ڕەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە وەک دەرچەیەکی دیموکراسی بۆ دەربازبوون لەم بنبەستە سیاسییە درێژخایەنە دەربکەوێت، بەڵام توانستی چارەسەرکردنی کێشە پێکهاتەیییەکانی نێوان دوو حیزبی دەسەڵاتداری نییە؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەڵبژاردنێکی تر تێچووی داراییی قورس بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێت کە ئێستاش لەژێر گوشاری سەختی تەنگژەی ئابووریدایە، سەرباری ئەوەی دەرفەت و پاساوی زیاتریش دەداتە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دەستێوەردان.

تەنانەت ئەگەر لە کۆتاییشدا پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ ڕێکبکەون، ئەو ناکۆکییە یەکلانەکراوانەی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، کۆنترۆڵی دامەزراوەیی، هەماهەنگیی ئەمنی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە و داهاتەکان هەن، دەکرێت وەک ئەوەی لە کابینەکانی پێشوودا بینرا، بەردەوام بن لە لاوازکردن و پەکخستنی دامەزراوەکان. نەگەیشتن بەم هاوسەنگییە لێکترازانی زیاتر بەرهەم دەهێنێت؛ ئەمەش نەک تەنیا بەرگەگرتنی هەرێم لە بەرامبەر تەنگژە دارایییەکان دادەبەزێنێت، بەڵکو سەنگی دانوستاندنی هەولێر بەرامبەر بەغدا لاواز دەکات و ڕێگە بۆ ئەکتەرە دەرەکییەکان خۆش دەکات کە ئەم درزە نێوخۆیییە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە.

لە بەرامبەردا، ئەگەر ئەم دانوستاندنانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی تری حکوومەتی ئیئتیلافیی کاتیدا تێپەڕن و ببنە مایەی سازانێکی سیاسیی پاوەجێ، ئەوا وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پێگەیشتنی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا تۆمار دەکەن. بەدیهێنانی ئەمەش نەک تەنیا دامەزراوەکانی هەرێم پتەوتر دەکات و سەنگ و خۆڕاگریی لە سیستەمی فیدراڵیی عێراقدا بەهێز دەکات، بەڵکو دەبێتە بناغەیەکی تۆکمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسی، دارایی و ئەمنییەکانی داهاتوو.

لە ڕاستیدا، کۆمەڵگەی کوردیش بە قۆناغێکی وەرچەرخانی خێرادا تێپەڕیوە. چاوەڕوانییەکانی نەوەی نوێ بە شێوەیەکی بەرچاو لە نەوەکانی پێشوو جیاوازە. ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی گەنج، هەڵسەنگاندن بۆ پارتە سیاسییەکان لەسەر بنەمای توانایان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ڕەخساندنی دەرفەتی ئابووری، لێپرسینەوەی دامەزراوەیی و حوکمڕانیی شەفاف دەکەن. ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە هاندەرە سیاسییەکانی هەردوو پارتی دەسەڵاتداریش دەگۆڕێت؛ ئەمەش دەبێت ببێتە فاکتەری پاڵنەر بۆ پارتی و یەکێتی تا حوکمڕانیی هەرێم لە چوارچێوەی هاوسەنگییەکی نوێی دەسەڵاتدا بەدامەزراوەیی بکەن. بەم پێیەش، گرێکوێرەی سەرەکی لەوەدایە: ئایا ئەم دوو جەمسەرەی دەسەڵات دەتوانن نەخشەی پەیوەندییەکانیان بە چەشنێک پێناسە بکەنەوە کە بەربەست لە بەردەم تەنگژەکانی ئاییندەدا دابنێت؟

لە کۆتاییدا، پەرەسەندنی ململانێ هەرێمییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستیی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان لە پێکهێنانی حکوومەتێکی ئاسایی تێدەپەڕێنێت و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دەکاتە ئەمرێکی حەتمی. پارتی و یەکێتی توانای ئەوەیان هەیە کە هاوکات پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ هەردوو لایەنی ناکۆکدا (ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) بپارێزن و هەرێمی کوردستان لە گێژاوی جەنگ بەدوور بگرن. کەواتە پێویستە ئەم پۆتانسیێلە دیپلۆماسییە و ڕوانینە، بە ئاراستەی پتەوکردنی دیالۆگی نێوانیان و دەستەبەرکردنی ئەوەدا بەکار بهێنن کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کابینەیەکی نوێوە، هاوسەنگییەکی نوێی دەسەڵات بونیاد بنێت.

توێژینەوە پەیوەندیدارەکان

Share
د. شۆخان ئایدۆغان

د. شۆخان ئایدۆغان

توێژەر و مامۆستای زانکۆ (کە پێشتر بڵاوکراوەکانی بە ناوی "شۆخان شێرزاد قادر" بڵاو کردووەتەوە)

د. شۆخان ئایدۆغان، ئەکادیمیست و توێژەرێکی خاوەن ڕەگەزنامەی هاوبەشی عێراقی - تورکییە و نیشتەجێی ئەنقەرەیە. ناوبراو مامۆستایە لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر.

خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سۆران؛ هەروەها بڕوانامەی ماستەری لە بواری لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکاندا بە سکۆلەرشیپی تەواوی حکوومەتی کۆریای باشوور لە زانکۆی "ئیوها بۆ خانمان" (Ewha Womans University) لە سیئۆل بەدەست هێناوە. توێژینەوەکانی د. ئایدۆغان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕ بوونەتەوە، و بەرهەمەکانی لە چەندین گۆڤار و پلاتفۆرمی ئەکادیمیی نێودەوڵەتیدا بڵاوکراونەتەوە.