سەرەکی٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦

ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"دا

ئەمرە کاراجا

ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"دا

تورکیا لە قۆناغی چارەسەرکردنی یەکێک لە ئاڵۆزترین و لەمێژینەترین قەیرانەکانی خۆیدا کە زیاتر لە چوار دەیەیە بەردەوامە، بە وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەستیاردا تێدەپەڕێت. لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ـەوە دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداریی درێژخایەن لەگەڵ پەکەکە دەستی پێکرد. لەو پرۆسەیەی کە لە ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بە وتارەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەسەر سەکۆی پەرلەمان دەستی پێکرد، دوای تێپەڕبوونی ٢١ مانگ، هەنگاوی بەرچاو و کردەیی هاویشتراون. لە کاتێکدا پێشهاتەکان لە ناوخۆی تورکیادا بەردەوامن، هاوکات هاوکێشە هەرێمییەکانیش کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاراستەی پرۆسەکە دادەنێن.

لەم چوارچێوەیەدا، یەکێک لەو جوگرافیایانەی کە سەرنجەکانی لەسەر چڕ بووەتەوە، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لەبەر ئەوەی ناوەند و پێگەی سەرەکیی جێگیربوونی پەکەکە لە باکووری عێراقدایە، پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بووە هاوکێشەیەک کە نەدەکرا لەسەر هێڵی ئەنقەرە - ئیمڕاڵی - قەندیل قەتیس بمێنێتەوە. هەردوو بەرەی هەولێر و سلێمانی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا وەک ئەکتەری سروشتیی ئەم هاوکێشەیە، بە ئاست و شێوازی جیاواز بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن و ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕن.

پێگەی هەرێمی کوردستان وەک کارئاسانکەر

لە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"دا، ئەو ڕۆڵەی هەرێمی کوردستان گێڕاویەتی نەک هەر لە چوارچێوەی هەڵوێست و لێدوانی حزبی و سەرکردەکاندا، بەڵکو لە هاوکاری و هەنگاوە پراکتیکییەکانی سەر زەمینیشدا ڕەنگی داوەتەوە. بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری پێگە و ناوەندە سەرەکییەکانی جێگیربوونی پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستانن (بەتایبەت قەندیل و دەوروبەری و دەڤەری سلێمانی)، هەرێم وەک لایەنێکی کاریگەر و پەیوەندیداری ڕاستەوخۆ دەمێنێتەوە. ئەم واقیعە جوگرافییە، هەرێمی کوردستانی لە یەک کاتدا کردووەتە نێوەندگیرێکی خاوەن دەرفەت و هاوکات یەکێک لەو لایەنانەی کە لە سەرکەوتنی پرۆسەکەدا زۆرترین دەستکەوت و کاریگەریی ئەرێنیی بەردەکەوێت.

لە ڕوانگەی کڕۆنۆلۆژیایەکی کورتەوە؛ دوای بانگەوازەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە و ئەو بڕیارانەی پەکەکە لە دوازدەیەمین کۆنگرەی خۆیدا لە ئایاری ٢٠٢٥ بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک پەسەندی کردن، نەخشەڕێگەی پرۆسەکەیان داڕشت. لە بەرامبەردا لە هەرێمی کوردستان، سەرکردە باڵاکان هەر لە سەرەتاوە بە هەڵوێستی پاڵپشتیکارانە هاتنە دەنگ. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی پرۆسەکەیە، لە ١٦ تا ١٩ـی شوباتی ٢٠٢٥ سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد و زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام دا. لە هەمان قۆناغدا مەسعوود بارزانی بە میوانداریکردنی شاندی ئیمراڵی و حزبە کوردییەکانی تورکیا، پشتیوانیی ڕوونی خۆی بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە. جەختکردنەوەی ناوبراو لەسەر ئەوەی کە "نابێت ڕێگە بدرێت کەسانێک پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پەک بخەن"، وەک پەیامێکی یەکلاکەرەوە لە پشتیوانیکردنی بەردەوامی پرۆسەکە لێکدرایەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە نیسانی ٢٠٢٥ لە لێدوانێکدا پرۆسەی ئاشتیی تورکیای وەک "دەرفەتێکی مێژوویی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا پێویستە هەموو لایەنەکان و بەتایبەتیش پەکەکە بەتەواوی پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بن؛ هەروەها بە وتنی "نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین"، داوای کرد بابەتەکە بە ئەوپەڕی بایەخ و جددییەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە لایەکی دیکەشەوە لەو کۆبوونەوانەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەنجامی دان، پرسەکانی سەقامگیریی هەرێمی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کران؛ ئەم پەیوەندییانەش هەماهەنگیی پێویستی بۆ برەودان بە پرۆسەکە فەراهەم کرد. بە گشتی تەواوی پێکهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان (بە پێشەنگیی پارتی و یەکێتی) لە گۆڕەپان و مینبەرە جیاوازەکاندا پشتیوانیی ئاشکرای خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەربڕی.

لە ١١ـی تەممووزی ٢٠٢٥ لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و لە شارۆچکەی دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە ڕێوڕەسمێکی هێماییدا بۆ چەکدانان، یەکەمین هەنگاوی کردەیی و بەرجەستەی پرۆسەکە هاویشترا. لەو ڕێوڕەسمەدا نزیکەی ٣٠ ئەندامی ئەم پەکەکە لە هەنگاوێکی سیمبولیکدا چەکەکانی خۆیان سووتاند؛ ئەمەش وەک ڕوونترین نموونەی پشتیوانیی لۆجستی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەکە تۆمار کرا. کاتێک شاندەکەی دەم پارتی گەیشتنە هەولێر، لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێ کرا و گەشتەکەیان بۆ سلێمانیش لەلایەن دامودەزگاکانی هەرێمەوە ڕێکخرا. بەشداریکردنی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە ڕێوڕەسمەکەدا، توانای هەرێمی لە دروستکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا نیشان دا. هەروەها بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە لەسەر خاکی هەرێم سەلمێنەری ئەوە بوو کە پابەندبوونی پەکەکە بە دانانی چەک لەلایەن ئەکتەرە هەرێمییەکانەوە پەسەند کراوە و لە ڕووی لۆجستییەوە زەمینەی بۆ ڕەخسێنراوە.

هاوکات لەگەڵ پێشهاتەکانی نێو پرۆسەکە، جموجۆڵی دیپلۆماسی و گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە و هەولێریش بە چڕی بەردەوام بوون. نێچیرڤان بارزانی لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە ١٨ـی نیسانی ٢٠٢٦ لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەردۆغان و کارەکتەرە هەرێمییەکانی دیکە کۆبووەوە. هاوکات مەسرور بارزانی لە ٩ـی ئایاری ٢٠٢٦ لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە هاکان فیدان دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجام دا، کە تێیدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، هاوکێشەی عێراق و گۆڕانکارییە هەرێمییەکان تاوتوێ کران.

لە ئاستی مەیدانیشدا، ڕێکخراوەکە لە ٢٦ـی تشرینی یەکەمدا کشانەوەی تەواوەتیی خۆی لە خاکی تورکیا ڕاگەیاند، دوای تێپەڕبوونی ماوەی مانگێک زانیاریی ئەوەی خستەڕوو کە لە ناوچەی زاپیش کشاوەتەوە.

بۆچی هەولێر بەشدارە لە پرۆسەکەدا؟

یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی پشت ئەم هەڵوێستە ئەرێنییەی هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی هەولێر و سلێمانی دەکات. ئەم ئامانجانە دەکرێت لە چەند تەوەرێکی سەرەکیدا کۆبکرێنەوە:

کۆتاییهێنان بە باجی قورسی بوونی چەکداریی پەکەکە: ناوچەکانی وەک قەندیل، زاپ، مەتین و گارا کە ئەم ڕێکخراوەی لێ جێگیر بووە، ساڵانێکی درێژە لە ڕووی مەیدانییەوە لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نەبوون. ئەم دۆخە لە لایەکەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی دەخستە بەردەم لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیوی سنووری تورکیا و لە لایەکی دیکەشەوە دەبووە هۆی هەڵگیرسانی گرژی و پێکدادان لەگەڵ خودی ڕێکخراوەکەدا؛ بۆیە بێدەنگکردنی چەکەکانی پەکەکە، بۆ هەرێمی کوردستان بە مانای گەڕاندنەوەی دەسەڵات و سەروەریی تەواوەتی دێت بەسەر ئەو ناوچانەدا.

بەهێزکردنی پێگەی پێشەنگایەتی لە سیاسەتی کوردیدا: خاوەندارێتیکردنی هەولێر لەم پرۆسەیە، ڕێگەی پێدەدات پێگەی خۆی وەک ناوەندێک بچەسپێنێت کە کێشەکانی کورد لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سیاسەتەوە چارەسەر دەکات نەک چەک. ئەمەش چ لە کێبڕکێی مێژوویی خۆیدا لەگەڵ ئۆجەلان و چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەنگ و قورسایی هەولێر بەرزتر دەکاتەوە.

ڕەهەندی ئابووری و کەرتی وزە: تورکیا دەروازەی سەرەکیی هەرێمی کوردستانە بەرەو جیهانی دەرەوە و گەورەترین هاوبەشی بازرگانییەتی. کاڵبوونەوەی دۆسیەی ئەمنی و سەربازی، ڕێگە بۆ برەودان بە هاوبەشییەکانی بواری وزە و ترانزێت خۆش دەکات؛ بەتایبەت ئەو هەنگاوانەی ئەم دواییەی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە ستراتیژییەکان کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکی دانەبڕاوی ئەو هاوکێشەیە دەبێت. هاوکات دیدگای "ناوچەی بێ تیرۆر" دەبێتە کارئاسانی بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە دارایییانەی جاروبار لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمدا سەر هەڵدەدەن.

تێپەڕاندنی شڵەژان و هەستیاریی بارودۆخی ناوچەکە: گۆڕانکارییەکانی سووریا، پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گرژییەکانی سەر هێڵی ئێران و لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی ئەم دۆخە لەسەر عێراق، وایان لە هەرێمی کوردستان کردووە زیاتر لە جاران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە پتەو بکات. هەر بۆیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاتێک لە ئایاری ٢٠٢٦ پێشوازیی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم کرد، جەختی لەوە کردەوە کە نایانەوێت ململانێکان بۆ سەرتاسەری ناوچەکە پەلبکێشن و هاوسۆزی و پشتیوانییان بۆ قەوارەی هەرێم بەردەوام دەبێت.

لە ڕوانگەی پارتییەوە، ئەم پرۆسەیە درێژکراوەیەکی سروشتیی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە کە لەمێژە لەگەڵ ئەنقەرەدا هەیەتی. ئەم حزبەی ناوەندەکەی لە هەولێرە، ئەکتەرێکە کە لە ڕابردوودا گرژیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پەکەکەدا هەبووە و لە کایەی ئەمنیشدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیا هەنگاوی ناوە؛ هەربۆیە چەکدانانی ئەو ڕێکخراوە لەگەڵ خواست و بژاردەی درێژخایەنی پارتیدا یەکدەگرێتەوە.

ئاساییکردنەوە لەسەر هێڵی ئەنقەرە - سلێمانی

سەرنجڕاکێشترین دەرئەنجامی ئەم هاوکێشەیە، ئەو نەرمبوونەوەیە بوو کە لە پەیوەندییە ساردەکانی نێوان ئەنقەرە و یەکێتیدا هاتە ئاراوە. خاڵی وەرچەرخان لە پاییزی ٢٠٢٥ـدا ڕوویدا؛ ئەنقەرە کە لە بەهاری ٢٠٢٣ بە پاساوی چالاکییەکانی پەکەکە کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخستبوو، دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بۆ ئەنقەرە سەرلەنوێ کایەی ئاسمانیی واڵا کرد و هێڵی ئاسمانیی تورکیا (تورکیش ئێرلاینز) لە ٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ـەوە گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێکردەوە. ئەم هەنگاوە هەرچەندە لە ڕوواڵەتدا تەکنیکی دەهاتە بەرچاو، بەڵام لە بنەڕەتدا هێمای بووژانەوەی متمانەی سیاسی بوو.

پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەسەر هێڵی ئەنقەرە - سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢٦ خێراییی زیاتری بەخۆوە بینی. ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر لە حوزەیرانی ٢٠٢٦ لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتیش کۆبووەوە. دوای ئەوەش، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت لە ١ـی تەممووزی ٢٠٢٦ سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم کۆبووەوە؛ دوو ڕۆژ دواتریش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە لە ئەنقەرە پێشوازیی لە قوباد تاڵەبانی کرد و ناوبراو لەو دیدارەدا خۆشحاڵیی خۆی بە پابەندبوونی ئەنقەرە بە پرۆسەی ئاشتییەوە دەربڕی. بەم جۆرە، ئەو دیپلۆماسییەی لە ئاستی باڵیۆزدا دەستی پێکرد، بە سەردانەکەی کاڵن لە ڕەهەندی ئەمنیشدا متمانەی بۆ گەڕایەوە.

ئەم لێک نزیکبوونەوەیە تەوەرێکی دیکەشی هەیە کە دۆسیەی کەرکووکە؛ لە نیسانی ٢٠٢٦ـدا لە دەرئەنجامی ستراتیژیی نوێی هاوپەیمانێتییەکانی یەکێتی دوای هەڵبژاردن، محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، لە دوای ١٠٢ ساڵ وەک یەکەمین پارێزگاری بەڕەگەز تورکمان بۆ کەرکووک هەڵبژێردرا. ئەم هەنگاوە لە دۆسیەیەکدا کە ئەنقەرە هەستیارییەکی تایبەتی لەسەری هەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە یەکێتی دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا تەنیا لە ڕوانگەی دۆسیەی پەکەکەوە نەبینێت، بەڵکو لەسەر بنەمایەکی فرەڕەهەند و فراوانتر دایبڕێژێتەوە.

لە ئەنجامدا، ڕۆڵی ئاسانکار و پشتیوانیکارانەی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"دا، بە ڕوونی لەوەدا دەردەکەوێت کە بەرجەستەترین دەستکەوتەکانی پرۆسەکە تا ئەمڕۆ لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و باکووری عێراق وەدی هاتوون. پشتیوانیی حزبە سیاسییەکان و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرۆسەیە، جیا لە پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ تورکیا، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرکەوتنی پرۆسەکە وەک وێستگەیەکی چارەنووسساز بۆ چەسپاندنی ئاسایش، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی هەرێم لەقەڵەم دەدرێت.

لە بەرامبەردا، دروستبوونی هەر بنبەستێک لە پرۆسەکەدا لێکەوتەی نەرێنی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، کە ساڵانێکی درێژە باجی گرژییە سەربازییەکان دەدات. لەبەر ئەم هۆکارە، چاوەڕوان دەکرێت پشتیوانییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" بەردەوامیی هەبێت؛ چونکە لە کەشوهەوایەکی دوور لە توندوتیژی و تیرۆردا، هاوئاهەنگیی نێوان ئەکتەرە هەرێمییەکان و تەبایی کۆمەڵایەتی باشتر مسۆگەر دەبێت.

توێژینەوە پەیوەندیدارەکان

Share
ئەمرە کاراجا

ئەمرە کاراجا

بەشی زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە زانکۆی مەڕمەڕە تەواو کردووە. بڕوانامەی ماستەری لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئێکستەر (Exeter) بەدەست هێناوە. وەک پەیامنێری هەواڵە دەرەکییەکان لە ئاژانسی ئانادۆڵو و پەیامنێری تەلەڤزیۆنی لە کەناڵی هەبەر گلۆبل (Haber Global TV) کاری کردووە. لە ئێستادا وەک پەیامنێر لە کەناڵی هەبەر تورک (Habertürk TV) کار دەکات. کاراجا، کە ڕووماڵ و چاوپێکەوتنی تایبەت بە پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە ئەنجام دەدات، وتارەکانی لە چەندین پلاتفۆرمی جیاوازدا بڵاودەبنەوە.