گرژییەکانی ئەم دوایییەی نێوان ئیسرائیل، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، چوونە نێو قۆناغێکی نوێی ئەو گۆڕانکارییە بەردەوامە نیشان دەدات کە لە سیستەمی ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت. پێکدادانەکە ئەگەرچی لە ڕووی ماوەوە کورتخایەن بوو، بەڵام کاریگەرییەکانی زۆر لە وەڵامدانەوە و هێرشی ڕاستەوخۆی نێوانیان فراوانتر بوون. ئەمەش تەمومژ و نادڵنیاییی ناوچەییی قووڵتر کردەوە، گۆڕانکاریی لە هاوسەنگییە جیۆپۆلەتیکییە بەردەستەکانی خێراتر کرد و تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخیشی چەسپاند: ناسەقامگیری زیاتر لە جاران خەسڵەتێکی سەروونەتەوەیی وەردەگرێت. لە ڕوانگەی هەرێمی کوردستانەوە، ئەم قەیرانە تەنیا کێشەیەکی دەرەکی نەبوو کە لە دوورەوە لێی بڕوانێت؛ بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی حاشاهەڵنەگر بوو بۆ ئەو بنەما و گریمانانەی مۆدێلی پاراستنی قەوارەی سیاسی و سیاسەتی دەرەوەی لەسەر داڕێژراوە.
هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ـەوە سیاسەتێکی دەرەوەی پراگماتیک و فرەڕەهەندی پەیڕەو کردووە کە زیاتر لەوەی ئاراستە ئایدیۆلۆژییەکان دایڕێژن، لە ژێر کاریگەریی ناچاری و پێداویستییەکاندا شێوازی گرتووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە خاڵی بەیەکگەیشتنی هێزە ناوچەیییە ڕکابەرەکاندایە، لە کاتێکدا هەوڵی پاراستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا داوە، هاوکات هاوبەشییەکی ستراتیژیشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەرەپێداوە و هاوکارییەکانیشی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا پاراستووە. ئەم ڕوانگەیە وای لە هەرێم کردووە قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان تێپەڕێنێت، سەقامگیریی ناوخۆیی بپارێزێت و وەک یەکێک لە ناوچە هەرە کراوە و تا ڕادەیەک ئارامەکانی عێراق دەربکەوێت.
پێگەی هەرێمی کوردستان لە نێوەندی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایییەدا، هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی زۆر لەسەر هەمان ڕێچکەی نەریتیی خۆی بەردەوام بوو. خۆی لە پەڕگیری و هاوپەیمانێتیی سیاسی لەگەڵ هەر لایەنێکی ململانێکە بەدوور گرت، کەناڵەکانی پەیوەندیی لەگەڵ واشنتن و تاران بە کراوەیی هێشتەوە، و لە هەر هەنگاو و گوتارێکیش دوورکەوتەوە کە گرژییەکان قووڵتر بکاتەوە. ئەم هەڵوێستە، لە زۆر ڕووەوە، گوزارشت لە هەڵوێستێکی دیپلۆماسیی پێگەیشتوو و بەرپرسیارانە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕووداوەکان خاڵێکی لاوازی هەستیاریشیان ئاشکرا کرد: بێلایەنی، ئەگەرچی لە ڕووی سیاسییەوە هەنگاوێکی وریایانەیە، بەڵام بەرگری و پارێزبەندی لە بەرامبەر ململانێ ناوچەیییەکاندا دەستەبەر ناکات. وەک چۆن لە بەکارهێنانی چەندینبارەی ئاسمانی عێراق بۆ چالاکیی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و ئەو مەترسییە ئەمنییانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە دەرکەوت، ئەم دۆخە ڕاستییەکی پێکهاتەییی خستە ڕوو: جوگرافیا، بێ گوێدانە هەڵوێستی سیاسیی هەرێم، دەیخاتە مەودای بەئامانجگرتن و کاریگەریی ململانێ ناوچەیییەکانەوە.
ئەم ئەزموونە، پێداچوونەوەیەکی قووڵتر بۆ پێشگریمانەکانی سیاسەتی دەرەوەی هەرێم دەخوازێت. ئاڵنگاریی سەرەکی چیتر تەنیا لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی نێوان هێزە ڕکابەرەکاندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت "خۆڕاگریی ستراتیژی" لە چوارچێوەی نەزمێکی ناوچەییدا پەرە پێ بدرێت، کە بە ناجێگیری، دەسەڵاتی پارچەپارچەبوو و هاوپەیمانێتییە خێراگۆڕاوەکان پێناسە دەکرێت. هاوسەنگیی نەریتیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چیتر نە سەقامگیرە و نە پێشبینیکراو؛ بەڵکو لە جیاتی ئەوە، پێکهاتەیەکی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شل و ناپاوەجێ دەنوێنێت کە لە لایەن ململانێ تێکئاڵاوەکان، جەمسەربەندییە ناڕەسمییەکان و داینامیکی نوێی ئەمنیی سنووربەزێنەوە شێوازی گرتووە.
لەم چوارچێوەیەدا، تۆماری سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە سی ساڵی ڕابردوودا دەستکەوتێکی گەورەیە. زۆرینەی ئەو کارەکتەرە سیاسییانەی کەوتوونەتە ژێر تەوقی سنووردارکردنێکی لەو شێوەیە، شکستیان هێناوە لە دروستکردنی پەیوەندیی ئەرێنی لەگەڵ کۆمەڵێک لایەنی ئەوەندە دژبەیەکدا. پەرەپێدانی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، تورکیا، ئێران، عێراق، ئەورووپا و دەوڵەتانی کەنداو؛ ؛ زەمینەی ڕەخساند بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی، ڕاکێشانی وەبەرهێنان و بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتییە هەرێمییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. ئەم دیپلۆماسییە فرەڕەهەندە، لە چەقی پێشکەوتنی سیاسی و ئابووریی هەرێمدا جێگیر بووە.
تێپەڕین بەرەو خۆڕاگریی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستاندا
سەرەڕای ئەمەش، نابێت ئەم سەرکەوتنە لەمپەر و سنووردارێتییە پێکهاتەیییەکانی مۆدێلی ئێستا پەردەپۆش بکات. ڕێبازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە جیاتی ئەوەی لەسەر ستراتیژێکی دامەزراوەییی پاوەجێ بێت، تا ئاستێکی زۆر پشتی بە نەرمی نواندن و کەناڵە ناڕەسمییەکان بەستووە. ئەم دۆخە هەرچەندە توانای خۆگونجاندنی ڕەخساندووە، بەڵام هاوکات کەلێنی هەستیاریشی دروست کردووە. ئەو گریمانەیەی پێی وایە تەنیا سیاسەتێکی هاوسەنگیی وریایانە دەتوانێت هەرێم لە ململانێ هەرێمییەکان داببڕێت و بپارێزێت، چیتر کارا نییە؛ چونکە ململانێ هاوچەرخەکان بە سنوورە دیاریکراوەکانەوە نابەسترێنەوە؛ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، تۆڕی بریکارەکان (وەکالەتدارەکان) و چەکە پێشکەوتووە مەودادورەکان، بەهای پارێزبەندیی بێلایەنی بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنن.
لەبەر ئەم هۆکارە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆناغ بە قۆناغ لە سیاسەتێکی هاوسەنگیی پەرچەکردارییەوە بەرەو مۆدێلی خۆڕاگریی ستراتیژی هەنگاو بنێت. خۆڕاگریی ستراتیژیش بە مانای دەستبەرداربوون لە دیپلۆماسیی هاوسەنگ نایەت؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە، پێویستی بە پتەوکردنی ئەو توانستە ناوخۆیی و دەرەکییانە هەیە کە وا لە هەرێم دەکەن بەرگەی شۆکە لەناکاوەکان بگرێت، خۆی لەگەڵ ژینگە گۆڕاوەکاندا بگونجێنێت و لە دۆخی نادڵنیاییدا سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی خۆی بە شێوەیەکی پاوەجێ بپارێزێت.
پێکهاتەیەکی جەوهەریی ئەم وەرچەرخانە، بەدامەزراوەییکردنی کایەی دیپلۆماسییە. سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە مێژووی خۆیدا سوودێکی زۆری لە سەرکردایەتییەکی بەهێز و ڕێبازێکی پشتبەستوو بە پەیوەندییە کەسییەکان وەرگرتووە، کە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە بنیاتنانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا گێڕاوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، ئاڵۆزیی ژینگەی هەرێمیی ئەمڕۆ، گرتنەبەری ڕێبازێکی سیستماتیک و دامەزراوەیی دەکاتە پێویستییەکی حەتمی. ئەم وەرچەرخانەش لە ڕێگەی: پەرەپێدانی پلاندانانی ستراتیژی لە نێو دامودەزگاکانی حکوومەتدا، وەبەرهێنان لە پێگەیاندنی دیپلۆماتکارانی پرۆفێشناڵ، باشترکردنی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکان، و بەرزکردنەوەی توانستی شیکاری بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییە درێژخایەنەکان مسۆگەر دەبێت. بە کورتی، سیاسەتی دەرەوە دەبێت لە پشتبەستنی سەرەکی بە تاکەکانەوە دەرباز ببێت و لەسەر بناغەیەکی دامەزراوەییی تۆکمە جێگیر بێت.
پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بە بەشێکی دانەبڕاو و سەرەکیی ئەم ژینگە ستراتیژییە دەمێننەوە. سەرەڕای سەرهەڵدانەوەی بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان، هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پرسی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی دەرەکیدا، خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەشی بنەڕەتین. پەیوەندییەکی ڕێکخراوتر و پشتبەستوو بە هاوکاریی دوولایەنە لە نێوان هەولێر و بەغدادا، یەکدەستی و یەکگرتووییی گشتیی دیپلۆماسیی عێراق بەرز دەکاتەوە، هاوکات پانتاییی ئەکتەرە دەرەکییەکانیش بۆ قۆستنەوەی درز و لێکترازانە ناوخۆیییەکان تەسک دەکاتەوە. بوارەکانی وەک سیاسەتی وزە، ئاسایشی سنوورەکان، پەرەپێدانی ژێرخان و هەماهەنگیی دارایی، ڕێگەی پراکتیکی بۆ پتەوکردنی ئەم هاوبەشییە دەخەنە ڕوو. لە چوارچێوەی ناوچەییی ئێستادا، تەبایی و کۆدەنگیی ناوخۆیی تەنیا پێداویستییەکی نێوخۆیی نییە، بەڵکو سەرمایەیەکی سیاسەتی دەرەوەشە.
تورکیا بەردەوامە لە گێڕانی ڕۆڵێکی سەرەکی لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەم پەیوەندییە لە بەرکەوتنێکی پەتیی ئەمنییەوە بۆ هاوبەشییەکی بەرفراوانی ئابووری و سیاسی گۆڕاوە. بازرگانی، هاوکاری لە کەرتی وزەدا، تۆڕەکانی گواستنەوە و هاتنی سەرمایەگوزاری، تورکیایان کردووەتە یەکێک لە گرنگترین هاوبەشە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان. پێشهاتەکانی ئەم دوایییەی دیالۆگی نێوان تورکیا و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی عێراق، دەشێت دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنن بۆ کەمکردنەوەی لێکترازانی ناوخۆیی و بەهێزکردنی ئاوێتەبوونی ناوچەیی. ئەگەر بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوە ببرێت، ئەم پەیوەندییە دەتوانێت هەم لە گەشەپێدانی ئابووری و هەم لە پێکەوەبەستنەوەی ناوچەییدا بەشداری بکات.
ئێران بە ئەکتەرێکی دیکەی لەدەستنەدراو و حەتمی لە ژینگەی جیۆپۆلەتیکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەمێنێتەوە. نزیکیی جوگرافی، پەیوەندییە ئابوورییەکان و بەستەرە قووڵە کۆمەڵایەتییەکان وا دەکەن کە بەدەر لە گرژییە بەرفراوانەکانی ناوچەکە، پەیوەندی لەگەڵ تاران لە چەقی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمدا بێت. هاوکات، پێکدادانەکانی ئەم دوایییە گرنگیی هێشتنەوەی چوارچێوەیەکی ڕوونی هاوکاری دەردەخەن، کە ڕێگری لەوە بکات خاکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ببێتە مەیدانی شەڕ و ململانێی وەکالەتدارەکان. زامنکردنی سەقامگیرییەکی درێژخایەن تەنیا لە ڕێگەی وتووێژی بەردەوام، دانبەخۆداگرتنی بەرامبەر لە ئاست گرژبوونەوەی دۆخەکە، و پاراستنی سەربەخۆییی بڕیاری ناوخۆیی هەرێمەوە مسۆگەر دەبێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک گرنگترین هاوبەشی ستراتیژیی ئەمنیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە. پشتیوانیی ئەمریکا، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی دژ بە داعشدا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە سەقامگیریی هەرێمدا گێڕا. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئایندەی ئەم پەیوەندییە لە چوارچێوەیەکی تەسکی ئەمنی دەرباز بکرێت و فراوانتر بکرێت. پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی وەک: چاکسازیی حوکمڕانی، هەمەچەشنکردنی ئابووری، خوێندنی باڵا، گەشەپێدانی تەکنەلۆژی و سیاسەتی ژینگەدا، هاوبەشییەکی هاوسەنگتر و بەردەوامتر فەراهەم دەکات. بەرنامەیەکی کاری بەرفراوانتر، لە هەمان کاتدا ئەو مەترسییەش کەم دەکاتەوە کە لە پشتبەستنی لەڕادەبەدەر بە داینامیکە ئەمنییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
وڵاتانی کەنداو ڕەهەندێکی دیکە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرنگتر لە سیاسەتی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پێکدەهێنن. وڵاتانی وەک سعوودیە، ئیمارات و قەتەر، دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنان لە بوارەکانی وزە، ژێرخان، لۆجستیك، کشتوکاڵ و خزمەتگوزارییە دارایییەکاندا دەڕەخسێنن. پتەوکردنی ئەم پەیوەندییانە، هەمەجۆریی ئابووریی هەرێم زیاتر دەکات و پشتبەستنی پێکهاتەییی بە ژمارەیەکی کەم لە هاوبەشەکان کەم دەکاتەوە. لە سەردەمی نادڵنیاییی ئابووریی جیهانیدا، دیپلۆماسیی ئابووریی فرەڕەهەند یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی خۆڕاگری.
بەدامەزراوەییکردنی پڕۆسەی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە
دیپلۆماسیی گشتی بوارێکی دیکەیە کە پێویستی بە سەرنج و بایەخپێدانی ستراتیژیی زیاتر هەیە. هەرێمی کوردستان خاوەنی کۆمەڵێک ڕەگەزی بەرچاوی هێزی نەرمە، لەوانە: سەقامگیریی ڕێژەییی ناوخۆیی، کەرتی گەشەسەندووی زانکۆکان، دیاسپۆرایەکی چالاک، و تۆماری مێژووییی لە میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەران. ئەم فاکتەرانە بەشدارن لە دروستکردنی وێنەیەکی ئەرێنیی نێودەوڵەتیدا، کە دەکرێت لە ڕێگەی کارلێکی سیستماتیک لەگەڵ ناوەندەکانی توێژینەوە، دامەزراوە ئەکادیمییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای نێودەوڵەتیدا سوودی زیاتریان لێ وەربگیرێت. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکاندا، هەژموون و کاریگەری بە شێوەیەکی بەرچاو چیتر تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتانەوە دیاری ناکرێت، بەڵکو هاوکات لە لایەن تۆڕەکانی زانیاری، کولتوور و بەشداریکردنی گشتییەوە شێواز دەگرێت.
دۆخی ناوچەکە لە دوای پێکدادانەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیتر بە بلۆکبەندیی چەسپاو و ڕوون ناناسرێتەوە، بەڵکو هاوپەیمانێتییە هەڵپەسێردراوەکان و نادیارییە بەردەوامەکان تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی دەبن. لە کاتێکدا ڕەنگە هەماهەنگییە کاتی و تاکتیکییەکانی نێوان کارەکتەرە ناوچەیییەکان زیاتر ببن، بەڵام ململانێ و ڕکابەرییە ستراتیژییە ژێربەژێرەکان هەر بەردەوام دەبن. ئەم واقیعە بۆ هەرێمی کوردستان وای دەخوازێت کە باوەڕ بە هاوپەیمانێتیی ئەبەدی و گۆڕانکارییە یەکلاکەرەوە و بێگەڕانەوەکانی ناوچەکە نەهێنێت؛ بەڵکو دەبێت سیاسەتی دەرەوەی خۆی بە جۆرێک دابڕێژێتەوە کە نەرم، هەمەجۆر و کراوە بێت بەرەو ئایندە.
لەم شیکارییەوە چەند لەپێشینەیەک دەردەکەون: یەکەم، پێویستە پڕۆسەی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە لە ڕێگەی پلاندانانی ستراتیژی و پەرەپێدانی توانستی دیپلۆماسیی پرۆفێشناڵەوە زیاتر بەدامەزراوەیی بکرێت. دووەم، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی خۆبەدوورگرتن لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ بلۆکە هەرێمییە ڕکابەرەکاندا، بەردەوام بێت لە پەیڕەوکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو ئەکتەرە سەرەکییەکاندا. سێیەم، دەبێت دیپلۆماسیی ئابووری لە ڕێگەی گرێدانی سیاسەتی دەرەوە بە ئامانجەکانی وەبەرهێنان، بازرگانی و گەشەپێدانەوە، بۆ ئاستی کۆڵەکەیەکی سەرەکیی پەیوەندییە دەرەکییەکان بەرز بکرێتەوە. چوارەم، دەبێت هاوکاری لەگەڵ بەغدا بەهێزتر بکرێت، وەک ئامرازێک هەم بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی عێراق و هەم بۆ پتەوکردنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان. لە کۆتاییشدا، پێویستە دیپلۆماسیی گشتی فراوانتر بکرێت، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هێزی نەرم و بەشداریکردنی نێودەوڵەتیی هەرێم.
پێکدادانەکەی ئەم دوایییە، ژینگەی جیۆپۆلەتیکیی هەرێمی کوردستانی لە بنەڕەتەوە نەگۆڕیوە؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەم لایەنە بەهێزەکان و هەم سنووردارێتی و کەموکوڕییەکانی مۆدێلی ئێستای سیاسەتی دەرەوەی دووپات کردەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی هاوسەنگکردنی پراگماتیکی وەک ئامرازێکی بنەڕەتی بۆ تێپەڕین بە نێو نەزمێکی ئاڵۆزی ناوچەییدا سەلماندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەش ڕوون بووەتەوە کە سیاسەتی هاوسەنگی بە تەنیا چیتر بەس نییە بۆ دەستەبەرکردن و مسۆگەرکردنی ئاسایشی درێژخایەن.
لەبەر ئەم هۆکارە، پێویستە قۆناغی داهاتووی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تەرکیز بخاتە سەر گۆڕینی نەرمیواندن بۆ خۆڕاگری. ئەم دۆخەش پێویستی بە دامەزراوەی بەهێزتر، هاوبەشیی بەرفراوانتر، و ڕێبازێکی یەکگرتووتر بەرامبەر بە دیپلۆماسی و گەشەپێدان هەیە. لە ژینگەیەکی هەرێمییدا کە ژینگەیەکی نادیار و پڕ لە هەڵبەزودابەزدا پێناسە دەکرێت، کاریگەرترین ستراتیژ گەڕان نییە بە دوای هاوپەیمانێتییەکی هەمیشەیی لەگەڵ هیچ هێزێکی تاقانەدا، بەڵکو بوونە بە هاوبەشێکی لەدەستنەدراو و حەتمی بۆ هەمووان. سەقامگیریی درێژخایەنی هەرێمی کوردستان بەند دەبێت بە توانای بۆ مانەوەی وەک لایەنێکی خۆگونجێنەر، جێی متمانە، و دەستگرتن بە تۆڕێکی فرەڕەهەند و هەمەجۆر لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پارچەپارچەبوون دەچێت، ڕەنگە ئەمە ببێتە گرنگترین باڵادەستی و دەستکەوتی ستراتیژیی هەرێم.





