عێراق دوای قۆناغێکی درێژخایەن لە ساردی، جارێکی دیکە لە سیاسەتی ئەنقەرەدا بووەتەوە بە بەشێکی گرنگ لە کارنامە و ئەجێندایەکی ئەرێنی. بەتایبەتی دوای سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بۆ ئەنقەرە، ئاراستە و تۆنی هەواڵ و ڕووماڵە میدیاییەکانی تورکیا سەبارەت بە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانی بەسەردا هات. ڕۆژنامە، تەلەفزیۆن و پلاتفۆڕمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیا، بە بایەخەوە باس لە بەڕێوەبردنی کەرکووک لەلایەن پارێزگارێکی تورکمانەوە دوای سەدەیەک، دەستکەوتنی پشکی نەوتی کەرکووک بۆ تورکیا، گرنگیی هەناردەکردنی ڕۆژانەی تاوەکو یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق بۆ بەندەری جەیهان بە ئامانجی مسۆگەرکردنی ئاسایشی وزەی تورکیا، و گرێدانەوەی ئیستەنبووڵ بە بەسرەوە لە ڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژیی "ڕێگەی گەشەپێدان" دەکەن. لە ڕاستیدا ئەم کەشوهەوا لەبارەی نێوان هەردوو وڵات، لە دوای سەردانە مێژووییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ٢٢ـی نیسانی ٢٠٢٤ بۆ بەغدا دوای ١٣ ساڵ، و ناساندنی پەکەکە وەک "ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو" لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە سەریهەڵدا. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم کەشوهەوایە بگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی بەردەوام و دامەزراوەیی، پێویستی بە هەنگاوی کردەیی و ڕێکاری زیاتر هەیە.
بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و عێراق
لە بەدواداچوونێکدا بۆ بڕیار و یاساکانی ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیا بەدرێژایی مێژووی کۆمار، دەردەکەوێت تەنیا ٣٨.٤٪ـی ئەو بڕیارانەی ناوی "عێراق"یان تێدایە پەیوەست بوون بە کەرتی ئابووری یان بازرگانییەوە، لە کاتێکدا زۆرینەی هەرە زۆریان لەسەر پرسە ئەمنییەکان چڕ بوونەتەوە. ئەم گۆڕانکارییە لە پێگەی عێراق لەنێو ئەجێندای تورکیادا، لە نێوەڕۆکی میدیاشدا ڕەنگی داوەتەوە؛ چونکە ساڵانێکی درێژ لە تورکیا کاتێک ناوی عێراق دەهات، تەنیا بابەتە ئەمنییەکانی وەک پەکەکە، ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنوور، ململانێ تائیفییەکان و داعش دەبوونە ڕۆژەڤ، بەڵام لەم قۆناغەدا پرسی وزە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان پێشەنگیی هەواڵەکانیان گرتووەتە دەست. گۆڕانی تێڕوانینی تورکیا بۆ عێراق لە دۆسیەیەکی ئەمنیی تەسکەوە بەرەو دۆسیەیەکی ئابووری و هاوکاریی هاوبەش، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتدا.
لە ڕاستیدا، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی تورکیا پێش سەردانەکەی زەیدی پەسەندی کرد، لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنانەی لە چوارچێوەی سەردانەکەدا و دواتریش واژوو کران، لە چوارچێوەی بەڵێنی سەر کاغەز تێپەڕیون و هەنگاوی کردەیین کە لێکەوتەی بەرجەستە و قووڵی ئابوورییان لێ دەکەوێتەوە؛ لەوانە: خستنەگەڕی میکانیزمێک لە ١ـی ئەیلوولەوە کە تێیدا لە ڕێگەی داهاتی ڕۆژانەی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوتەوە، شایستە دارایییەکانی ئەو بەڵێندەرە تورکانە خەرج دەکرێت کە لە پڕۆژەکانی ئاوی عێراقدا کار دەکەن؛ پلانی جێبەجێکردنی مۆدێلێکی هاوشێوە بۆ پڕۆژەکانی گواستنەوە بەتایبەت "ڕێگەی گەشەپێدان"؛ کڕینی ١٥٪ـی پشکەکانی کۆمپانیای (BP Energy Company of Kirkuk Limited) کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بەڕێوە دەبات لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی تورکیا(TPAO) ؛ گواستنەوەی ڕۆژانەی تاوەکو ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان بۆ ماوەی ساڵێک و دەستپێکردنی گفتوگۆ بۆ ڕاکێشانی هێڵێکی نوێ کە نەوتی بەسرەش بگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهان؛ هاوکات دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەنقەرە و بەغدا لە قۆناغێکی کورتدا بەرەو هاوبەشییەکی نوێ هەنگاو دەنێن.
نزیکبوونەوەی عێراق لە تورکیا چەند هۆکارێکی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژیی لەپشتە؛ لەوانە: مەحاڵبوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" بەبێ بەشداریی کارای تورکیا، هەوڵدان بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سەربەخۆتر لە ئێرانێک کە خۆی گیرۆدەی قەیرانە نێوخۆیی و هەرێمییەکانە، و خواستی شەقامی عێراقی کە بەهۆی دەیان ساڵ شەڕ و ململانێوە ماندوو بووە و دەیەوێت زیاتر تێکەڵ بە سیستەمی ئابووریی نێودەوڵەتی ببێتەوە. سەرباری ئەمانەش، داخرانی گەرووی هورمز کە بووە هۆی داڕمانی مەترسیداری هەناردەی نەوتی خاو و ئیفلیجکردنی داهاتی بودجەی گشتیی عێراق، پێویستیی بەغدای بە هێڵی بۆریی کەرکووک - جەیهان لە ڕێگەی تورکیاوە زیاتر کردووە وەک یەکێک لە سەرەکیترین ڕێڕەوە بەدیلەکان بۆ گەیاندنی نەوت بە بازاڕەکانی جیهان.
وانەکانی مێژوو و ئەزموونی ڕابردوو
پرۆسەی هاوشێوە لە مێژووشدا تاقی کراونەتەوە؛ دوای جەنگەکانی ١٩٦٧ و ١٩٧٣، کاتێک نیگەرانییەکان لەبارەی ئاسایشی ڕێڕەوەکانی وزە لە ناوچەکە زیادیان کرد، دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی عێراق بۆیان دەرکەوت کە پشتبەستنی تەواو بە کەنداوی بەسرە و گەرووی هورمز لاوازییەکی گەورەی ستراتیژی دروست دەکات، بۆیە ڕوویان لە دۆزینەوەی ڕێڕەوێکی بەدیل کرد بۆ هەناردەکردن. دەرئەنجامی ئەم هەوڵانەش هاوکاری بوو لەگەڵ ئەنقەرە کە بووە بنەمای دامەزراندنی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان. بە هەمان شێوە، لە کاتی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە کەنداوەوە ئەوەی سەلماند کە ئەم هێڵە بۆ عێراق چەندە چارەنووسساز و شادەماری مانەوە بوو. بەڵام هەر کە ئاسایش بۆ ناوچەی کەنداو گەڕایەوە، هێڵی کەرکووک - جەیهان پشتگوێ خرا و بۆ چەندین ساڵ پەکخرا و بێسوود مایەوە. هەر بۆیە داواکارییەکانی ئەنقەرە لە بەغدا بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی گشتگیرتر و پابەندکەرتر لە نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەکاندا، لەم ئەزموونە مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێت.
ڕێککەوتننامەکانی "نەوت لە بەرامبەر کاڵا و پڕۆژە"ش پێشینەی مێژووییان هەیە. لە چوارچێوەی ڕێکخستنی بازرگانیی سنووری (BTA) کە ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئاڵوگۆڕی نەوت لە بەرامبەر کاڵا پیشەسازییەکان بۆ عێراقێک کە بەهۆی داگیرکردنی کوێتەوە ڕووبەڕووی گەمارۆی نێودەوڵەتی ببووەوە، هەمان ئەو میکانیزمانەی ئەمڕۆ هەوڵی بنیاتنانیان دەدرێت، تاوەکو دەستپێکردنی داگیرکاریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ کاریان پێدەکرا. بەڵام هەر کاتێک پێویستیی عێراق بە تورکیا کەم بووبێتەوە، ئاراستەی ئابووریی بەغداش بۆ لای ئەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تر لایداوە. بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە عێراق لە ساڵی ٢٠١١ـدا دووەمین گەورەترین هاوردەکاری کاڵاکانی تورکیا بوو، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ـدا بۆ ڕیزبەندی حەوتەم پاشەکشەی کرد. لە بەرامبەردا، هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٩٧٪ و هەناردەی چینیش لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٥ بە ڕێژەی ٦١٪ زیادی کردووە؛ کەواتە گۆڕینی کەشوهەوای لەباری ئەمڕۆ بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی بەردەوام، بۆ ئەنقەرە بەستراوەتەوە بە دووبارەنەبوونەوەی هەلە لەدەستچووەکانی ڕابردوو.
چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکان بۆ مسۆگەرکردنی هەڵکشانەکە
لە هەناردەکاریی تورکیا بۆ ئەو دراوسێیەی کە ٣٧٨ کیلۆمەتر سنووری وشکانیی لەگەڵیدا هەیە، چەندین کێشەی لەمێژینە هەن؛ لەوانە: جیاوازیی ڕێکارە گومرگییەکان، وەرگرتنی باجی دووبارە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە کۆنترۆڵی دیوی عێراقی تاکە دەروازەی چالاکی نێوان هەردوولای لەدەستدایە (دەروازەی ئیبراهیم خەلیل - خابوور)، هاوکات درێژبوونەوەی کاتی چاوەڕوانی و ئاستەنگە کارگێڕی و لۆجستییەکان لەسەر ئەم هێڵە. بەغدا بە پاساوی چارەسەرنەبوونی ئەم پرسانە لەگەڵ هەولێر، بارهەڵگرەکانی تورکیا ئاراستەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان سووریا و عێراق دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو لێکتێگەیشتنەی لە سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەنقەرە لەبارەی "گواستنەوەی ڕێگەی ئاسنین و وشکانی لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ئۆڤاکۆی – فیشخابوور" واژوو کرا، شێوازی جێبەجێکردنی لە دیوی عێراق بایەخێکی گەورەی هەیە؛ چونکە ئەگەر لە فیشخابووریشدا میکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەولێر نەدۆزرێتەوە، مەترسیی ئەوە هەیە کارەکانی ئەم پڕۆژە ستراتیژییەش ڕووبەڕووی بەربەست ببنەوە.
لەو ڕێککەوتننامە بنەڕەتییانەش کە ژێرخانی دامەزراوەیی بۆ گەشەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ عێراق دەستەبەر دەکەن، پێشکەوتنی پێویست بەدی نەهاتووە. ئەندامنەبوونی عێراق لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO) و واژوونەکردنی ڕێککەوتننامەی بازرگانیی ئازاد (FTA) لەگەڵ تورکیا دوای ساڵانێکی درێژ، کێشەیەکی جیددیی لە پێشبینینەکردنی ئاییندەی بازرگانیی دووقۆڵیدا دروست کردووە. نەبوونی چوارچێوەیەکی پابەندکەر بۆ ڕێکخستنی بازرگانی، وای لە بەغدا کردووە بتوانێت بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپی مامەڵەی هاوشێوە (موتەقابەلە)، باجە گومرگییەکان و ڕێکارە بازرگانییەکانی بگۆڕێت؛ تەنانەت ئەگەر لە ناوخۆی عێراقدا دەست بە بەرهەمهێنانی کاڵایەک بکرێت بەڵام بەشی پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ نەکات، ڕێگری لە هاوردەکردنی دەکرێت یان باجەکەی چەند هێندە زیاد دەکرێت. لەبەر ئەوەی بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە عێراق لە کورتخایەندا زیاتر پێویستی بە داهاتی گومرگە، لەوانەیە پابەندبوون بە ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەم کاتەدا بە گونجاو نەزانێت؛ بەڵام بۆ عێراقێک کە بە پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" ئامانجییەتی زیاتر تێکەڵ بە بازرگانیی جیهانی ببێتەوە، دەکرێت پێشنیازی ڕێککەوتننامەیەکی پێشکەش بکرێت کە قۆناغی ڕاگواستن و میکانیزمی پاراستنی هاوبەشی لەخۆ گرتبێت. سەبارەت بە ڕێککەوتننامەکانی "هاندانی دوولایەنە و پاراستنی وەبەرهێنان" و "ڕێگریکردن لە باجی دووبارە"، دۆخەکە تا ڕادەیەک باشترە؛ بەڵام سەرەڕای ئەوەی تورکیا قۆناغەکانی پەسەندکردنی ناوخۆیی بۆ ڕێککەوتنی باجی دووبارە تەواو کردووە، لایەنی عێراقی هێشتا هیچ خشتەیەکی کاتیی بۆ ڕانەگەیاندووە. ڕێککەوتنی پاراستنی وەبەرهێنانەکانیش بەهۆی تەواونەبوونی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە عێراق، هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گۆڕینی کەشوهەوای لەبار بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی پاوەجێ
لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراقدا دەرفەتێکی زێڕین هاتووەتە ئاراوە کە ماوەیەکی درێژ بوو هاوشێوەی نەبینرابوو. ئەو دەرفەتە نوێیانەی هاوکاری لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە، ئاو، بەڵێندەرایەتی و بازرگانیدا هاتوونەتە کایەوە، خاوەنی ئەو توانستەن کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت لە سنووری هاوکێشەیەکی ئەمنییەوە بگوازنەوە بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان داڕێژرابێت. پێویستیی بەغدا بە ئەنقەرە لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێداندا، دووبارە بەهاداربوونەوەی بەندەری جەیهان بۆ هەناردەکردنی وزە و ڕۆڵی کۆمپانیاکانی تورکیا لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا، ئەم دەرفەتە مێژووییە گەورەتر دەکەن.
بەڵام ئەزموونەکانی ڕابردوو دەریدەخەن کە لە پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا دەرفەتەکان خۆبەخۆ ناگۆڕێن بۆ هاوبەشیی بەردەوام. ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئەنقەرە پێویستە، سنووردارنەکردنی ئەم دەرفەتە سیاسییە لە چوارچێوەی پرۆژەی کاتیدایە؛ بەڵکو پێویستە لە ڕێگەی داڕشتنی میکانیزمی بەردەوامەوە پشتیوانی لێ بکرێت بۆ تێکشکاندنی کۆسپە یاسایی و لۆجستییەکانی بەردەم بازرگانی و وەبەرهێنان. ئەو هەنگاوانەی دەنرێن؛ لە ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادەوە تاوەکو ڕێککەوتنەکانی وەبەرهێنان و باج، و لە خابوور و ئۆڤاکۆیەوە تاوەکو مۆدێلی بەڕێوەبردنی ڕێگەی گەشەپێدان، ئاییندەی پەیوەندییەکان دیاری دەکەن. بۆ تورکیاش سەرکەوتنی بنەڕەتی لەوەدا دەبێت کە ئەم کەشوهەوا لەبارە بکاتە هاوبەشییەکی ئابووریی پاوەجێ، کە لەسەر بنەمای هاوپشتبەستنی دوولایەنە بنیات بنرێت.





