پەیامی سەرۆکی دامەزرێنەری Erbil Policy Institute (EPI)
تێگەیشتن لە ناوچەیەک، پێویستی بە تێڕوانینێک هەیە کە لە چاودێریکردنی ڕووکەشانەی ڕۆژەڤ و ئەجێندای سیاسیی ئەمڕۆ تێپەڕێت. جەنگەکان، هەڵبژاردنەکان، قەیرانە دیپلۆماسییەکان و ململانێکانی دەسەڵات، ڕووی بینراو و سەر زەمینەی مێژوو پێکدەهێنن؛ بەڵام ئەو پرۆسانەی ئاراستەی کۆمەڵگەکان دیاری دەکەن، زۆربەی کات لە قووڵایی و لە مەودایەکی زەمەنیی درێژخایەندا شێوە دەگرن. شارەکان دەگۆڕێن، سنوورەکان سەرلەنوێ دەکێشرێنەوە، دامەزراوەکان سەر هەڵدەدەن و هەڵدەوەشێنەوە؛ لە بەرامبەردا یادەوەری، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، تۆڕە ئابوورییەکان و ئەزموونە مێژووییەکان بە فۆڕمی جیاواز درێژە بە مانەوەی خۆیان دەدەن.
ئەمە یەکێکە لەو وانە سەرەکییانەی کە مێژوونووس ئێریک هۆبسباوم بەبیرمان دەهێنێتەوە: ئەمڕۆ، ساتێکی دابڕاو لە ڕابردوو نییە. ئەو نەزمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژین، بەرهەمی پرۆسە مێژووییە درێژخایەنەکان، لێکترازانەکان و بەردەوامییەکانە. هەر بۆیە ناوەندێکی توێژینەوەی جیددی کە هەوڵی تێگەیشتن لە دۆخی ئێستا دەدات، نابێت لە سنووری ڕاکردن بەدوای خێراییی ڕووداوە ڕۆژەڤییەکاندا قەتیس بمێنێتەوە؛ بەڵکو دەبێت بەردەوام ئاوڕێک لە ڕابردوو بداتەوە، بگەڕێتەوە بۆ سەر ئەرشیڤەکان، و پرسیارەکانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی قووڵایییەکی مێژووییدا سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.
پەیمانگەی هەولێر بۆ سیاسەت (EPI) لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینە دامەزراوە.
خاڵی دەستپێکی EPI لەو بڕوایەوە سەرچاوە دەگرێت کە ناتوانرێت عێراق، هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، و ئەو ژینگە هەرێمییە بەرفراوانەی ئەوانی لەخۆ گرتووە، لە سنووری یەک دیسپلین یان تەنیا لە ڕێگەی یەک گۆشەنیگای شیکارییەوە لێیان تێبگەین. زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان چوارچێوەیەکی شیکاریی بەهێزمان بۆ تێگەیشتن لە دەوڵەتەکان، دامەزراوەکان، هاوکێشەکانی دەسەڵات و نەزمی هەرێمی پێشکەش دەکات؛ بەڵام دەوڵەتەکان لە بۆشاییدا کار ناکەن. لە پشتی سیاسەتەوە کۆمەڵگەکان هەن، و لە پشتی کۆمەڵگەکانیشەوە مێژوو، یادەوەری، ئابووری، کولتوور، ناسنامە و جوگرافیا ئامادەیییان هەیە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بۆ EPI؛ مەیدان، مێژوو و شیکاری، سێ کایەی لێکدابڕاو نین.
شیکاریی دابڕاو لە مەیدان ناتەواوە؛ هەڵسەنگاندنی بێبەش لە چوارچێوەی مێژووییش کاتی و تێپەڕە.
ڕوانین بۆ ناوچەکە لە هەولێرەوە
هەبوونی ناوی "هەولێر" لە ناونیشانی دامەزراوەکەماندا، هەڵبژاردنێکی بەئاگا و هۆشیارانەیە.
هەولێر بۆ ئێمە تەنیا ناوی شارێک نییە؛ بەڵکو بە بەردەوامیی ژیان و نیشتەجێبوونی هەزاران ساڵە، بە میراتی مێژوویی پێکەوەژیانی فرەپێکهاتەکان، و بە پێگە جوگرافییەکەی لە نێوان میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵدا، خاڵێکی چاودێریی دەوڵەمەندە کە دەتوانین لە ڕێگەیەوە لە ڕابردوو و وەرچەرخانەکانی ناوچەکە بەیەکەوە تێبگەین.
بەڵام ئاسۆی توێژینەوەکانی EPI لە سنوورە جوگرافی و کارگێڕییەکانی هەولێردا قەتیس نامێنێتەوە.
لە بەغداوە بۆ ئەنقەرە، لە مووسڵەوە بۆ سلێمانی، و لە ڕێگەی هاوکێشە هەرێمییەکانەوە هەوڵ دەدەین لە جوگرافیایەکی بەرفراوانتر تێبگەین کە لە تارانەوە تاوەکو دیمەشق درێژ دەبێتەوە؛ چونکە پرسیار و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ وەک چۆن لەنێو سنوورە کارگێڕییەکاندا دەست پێ ناکەن، زۆربەی کات لەنێو ئەو سنوورانەشدا کۆتایییان نایەت.
ڕێک لەبەر ئەم هۆکارەیە کە EPI وەک دامەزراوەیەک کە ناوەندەکەی لە ئەنقەرەیە، ناوی هەولێری هەڵگرتووە. ئێمە لەم هەنگاوەدا لەوە زیاتر دەبینین کە تەنیا پردێکی سیمبولی لە نێوان هەردوو شاردا دروست بکات؛ بەڵکو وەک گوزارشتێک لەو باوەڕە دەڕوانین کە پێیوایە پەیوەندییە سیاسی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و مەعریفییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، بوارێکی سەربەخۆ و شایانی توێژینەوەی تایبەت و قووڵە.
تێپەڕاندنی ڕۆژەڤە کاتییەکان
سەردەمەکەمان وا لە دامەزراوەکانی توێژینەوە دەکات ڕۆژ بە ڕۆژ خێراتر هەڵوێست دەرببڕن.
پێشهاتێک ڕوودەدات؛ لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەڵسەنگاندن، شیکاری و پێشبینییەکان یەک لە دوای یەک بڵاودەبنەوە. بەڵام خێرایی هەمیشە بە مانای تێگەیشتنی قووڵ نایەت. ئامانجی EPI وەک چۆن دواکەوتن نییە لە ڕووداوەکان، بە هەمان شێوەش خۆبەدەستەوەدان نییە بە خێراییی سەرسووڕهێنەری ڕۆژەڤ و پێشهاتە کاتییەکان.
بۆ ئێمە بابەتی سەرەکی، پێش ئەوەی تێگەیشتن بێت لەوەی "چی ڕوویداوە"، تێگەیشتنە لەوەی "بۆچی و چۆن" زەمینەی ئەو پێشهاتە خۆش بووە و هاتووەتە ئاراوە.
هەر بۆیە دەکرێت ڕۆژێک بەڵگەنامەیەکی دیپلۆماسی و ڕۆژێکی دیکە میراتی کولتووریی شارێک بکەینە تەوەری لێکۆڵینەوە؛ لە توێژینەوەیەکی دیکەدا چاوەڕوانیی گەنجان بۆ ئاییندە، پرسی کۆچ یان سیستەمی پەروەردە تاوتوێ بکەین؛ و لە لێکۆڵینەوەیەکی جیاوازیشدا لە وەرچەرخانی درێژخایەنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بکۆڵینەوە.
هەبوونی بەڵگەنامەیەکی ئەرشیڤی عوسمانی لە تەنیشت ڕاپرسییەکی مەیدانیی هاوچەرخ لەنێو کارنامەی بڵاوکراوەکانی یەک دامەزراوەدا، وەک دژبەری نابینین؛ بەڵکو بە پێداویستییەکی سروشتی بۆ توێژینەوەی گشتگیر لەم ناوچەیەی دەزانین. چونکە هەندێک جار تەنیا یەک بەڵگەنامە کە سەد ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، دەتوانێت پرسیارگەلێکی قووڵتر لە دەیان شیکاریی ڕۆژەڤی لە مێشکماندا دروست بکات.
پانتاییی توێژینەوە
پەیمانگەی هەولێر بۆ سیاسەت(EPI)، بۆ بەرهەمهێنانی گوتار یان بەرگریکردن لە دیدگای هیچ ئەکتەرێکی سیاسی، حکوومەتێک، حزبێک، یان گرووپێکی کۆمەڵایەتی دانەمەزراوە.
سەربەخۆیی بۆ ئێمە تەنیا ناسنامەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو مەرجی سەرەکیی توێژینەوەی زانستییە.
ئەم سەربەخۆیییە بەو مانایە نایەت کە EPI خاوەنی هەڵوێست و بۆچوونی تایبەت بە خۆی نەبێت؛ بەپێچەوانەوە، توێژینەوەی زانستی پێویستی بە پرسیارکردنی ڕەخنەگرانە، بەراوردکاریی بەردەوام، و لە کاتی پێویستدا گومانکردن لە چەمکە باوەکان و خستنەڕووی بێپەردەی ئەنجامەکان هەیە.
بەڵام ئێمە بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان توێژینەوە و لایەنگریدا هەیە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە بڵاوکراوەکانی EPIدا نەریتە ئەکادیمییە جیاوازەکان، دیسپلینە هەمەجۆرەکان و ئەو بۆچوونانەی لەگەڵ یەکتریشدا یەکناگرنەوە، جێگەیان دەبێتەوە. ئەرکی ئەم دامەزراوەیە سڕینەوەی ئەم جیاوازییانە نییە؛ بەڵکو ڕەخساندنی زەمینەیەکی دیالۆگە کە لەسەر بنەمای بەڵگە، میتۆدۆلۆژیا و دەستپاکی و ڕاستگۆییی مەعریفی داڕێژرابێت.
نەک مۆمیاکردنی ڕابردوو، بەڵکو سەرلەنوێ خوێندنەوەی
یەکێک لەو بوارانەی EPI بایەخێکی تایبەتی پێدەدات، توێژینەوەکانی مێژوو و ئەرشیڤ دەبێت. ئێمە لە ئەرشیڤ وەک کۆگایەکی سڕکراو بۆ هەڵگرتنی ڕابردوو ناڕوانین، بەڵکو وەک کایەیەکی زیندووی توێژینەوە لێی دەڕوانین کە دەکرێت پرسیارەکانی ئەمڕۆی تێدا سەرلەنوێ بورووژێنرێنەوە.
هەربۆیە لە کار و چالاکییەکانمان وەک "پەڕەیەک لە مێژوو"دا، سەرچاوە دەستپێکە جیاوازەکان دەخەینە بەردەستی خوێنەر؛ لە ئەرشیڤی عوسمانییەوە بگرە تاوەکو بەڵگەنامە بەریتانییەکان، و لە تۆمارەکانی کۆمەڵەی گەلانەوە تاوەکو نامە و دەستنووسە کەسییەکان.
نامانەوێت بەڵگەنامەکان پێمان بڵێن دەبێت چۆن بیر بکەینەوە؛ بەڵکو دەمانەوێت تا دەکرێت دەقەکان لە چوارچێوەی مێژووییی خۆیاندا بخەینەڕوو، بۆ ئەوەی خوێنەر ڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا ڕووبەڕوو ببێتەوە و خۆی لێیان بکۆڵێتەوە.
ئەم تێڕوانینە، بۆ توێژینەوە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیشمان تەواو ڕەنگ دەداتەوە. چیرۆکی ناوچەکە تەنیا چیرۆکی دەوڵەتەکان و نوخبە سیاسییەکان نییە؛ بەڵکو ئەزموونی کورد، تورکمان، عەرەب، سریانی، ئێزدی و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە؛ چیرۆکی شارەکان، خێزانەکان، قوتابیان، بازرگانان و ئەو مرۆڤانەی کۆچ دەکەن، هەموویان بەشێکی دانەبڕاون لەم مێژووە.
ئەگەر دەمانەوێت لە ناوچەیەک تێبگەین، پێویستە نەک تەنیا لەوە بڕوانین کێ بەڕێوەی دەبات، بەڵکو دەبێت لەوەش بکۆڵینەوە کە مرۆڤەکان چۆن تێیدا دەژین.
سەرەتایەکی نوێ
دامەزراوەی EPI ئەمڕۆ نەک بە کۆمەڵە وەڵامێکی ئامادەکراو، بەڵکو بە دەستپێشخەریی کۆمەڵێک پرسیاری بنەڕەتییەوە دەکەوێتە ڕێ.
بەهای ناوەندێکی لێکۆڵینەوە لەوەدا نییە لەسەر هەموو بابەتێک بدوێت؛ بەڵکو لەوەدایە بتوانێت ئەو پرسیارانە جیا بکاتەوە کە شایەنی لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینەن، و بە ئارامگرییەوە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بڕوات.
بۆ ئێمە، سەرکەوتنی EPI بە زۆریی ژمارەی بڵاوکراوەکان یان بە ئامادەبوونی بەردەوام لە ڕۆژەڤدا ناپێورێت؛ بەڵکو پێوەرە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە دوای ساڵانێکی زۆر، توێژەران، قوتابیان، بڕیاربەدەستان و ئەو کەسانەی هەوڵی تێگەیشتن لە ناوچەکە دەدەن، کاتێک دەگەڕێنەوە سەر بەرهەمەکانی EPI بتوانن بڵێن: "لێرەدا توێژینەوەیەک هەیە کە دەتوانم بە دڵنیایییەوە پشتی پێ ببەستم".
خاڵی دەستپێکمان کورت و ڕوونە:
ڕوانین لە مەیدان.
خوێندنەوەی ڕابردوو.
تێگەیشتن لە کۆمەڵگە.
و شیکاریکردن بەبێ پەلەکردن.
ئێمە Erbil Policy Institute (EPI)، لەسەر ئەم بنەما نەگۆڕانە بنیات دەنێین.





