کۆمەڵگە١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦

قەڵای هەولێر: کەلەپووری کولتووری، یادەوەری و ژیانی ڕۆژانە

Erbil Policy Institute

قەڵای هەولێر: کەلەپووری کولتووری، یادەوەری و ژیانی ڕۆژانە

قەڵای هەولێر، بە مێژووی نزیکەی هەشت هەزار ساڵ ژیانی بەردەوام و بێبڕانەوەیەوە؛ هەم وەک گەڕەکێکی نیشتەجێبوون، هەم وەک سەنگەرێکی بەرگری و هێمای کولتووری پێکەوەژیان، تا ئەمڕۆش پێگەی خۆی پاراستووە.

قەڵا کە بەسەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەڕوانێت، شوێنەواری ئەوە هەڵدەگرێت کە چۆن مرۆڤەکان بەدرێژاییی نەوەکان ماڵەکانی خۆیان دروست کردووە، نەریتەکانیان پاراستووە و هەستی ئینتیمایان لای خۆیان گەشە پێداوە.

قەڵا لەسەر تەپۆڵکەیەکی شوێنەواری (گردێکی مێژوویی) هەڵکەوتووە کە بەهۆی چالاکییەکانی دروستکردن و بنیاتنانەوەی بەردەوام بەدرێژاییی هەزاران ساڵ لە هەمان شوێندا دروست بووە. هەولێر لە مێژووی خۆیدا میوانداریی پێکهاتەی جیاوازی کردووە؛ زۆربەی ئەم پێکهاتانە شانبەشانی یەک ژیاون و بەشدارییان لە دەوڵەمەندکردنی پێکهاتەی کولتووریی شارەکەدا کردووە. لە ماوەی مێژووی نیشتەجێبوونیدا، قەڵا لە سەردەمی ململانێ و جەنگەکاندا وەک ناوەندێکی بەرگریش ڕۆڵی گێڕاوە. بەپێی کرۆنۆلۆژیای مێژوویی کە لە دۆسیەی بەربژێربوونی قەڵای هەولێر بۆ لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆدا هاتووە، هێزەکانی مەغۆل لە ساڵی ١٢٣٦دا خوارووی شاری هەولێریان سووتاندووە و بەر لەوەی دوای وەرگرتنی بڕێکی زۆر باج و سەرانە بکشێنەوە، بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ گەمارۆی قەڵایان داوە. لە کاتێکدا بەشی خوارەوەی شار دووچاری وێرانکارییەکی گەورە بووەوە، بەڵام قەڵا بەرگەی گەمارۆکەی گرتووە.

قەڵا تا ئەمڕۆش پارێزگاریی لە شوێنە ستراتیژی و سەرەکییەکەی لە ناوەندی هەولێردا کردووە و بۆ خەڵکی شارەکە بووەتە سیمبولی ناسنامە و میراتی کولتووری. ناساندنی هەولێر لە گێڕانەوە میللییەکاندا بە "شاری قەڵا و منارە"، پێگەی ئەم شوێنەوارە لە زەینی هاووڵاتییان و لە شێوازی وەسفکردنی شارەکەیاندا دەسەلمێنێت.

ژیانی ڕۆژانە لە ناو قەڵا و دەوروبەریدا

قەڵا بەر لەوەی وەک ئەمڕۆ ببێتە مۆنۆمێنتێکی مێژوویی، گەڕەکێکی نیشتەجێبوون بوو. خانووە حەوشەدارەکانی و نەخشەسازیی خشتکارییە ڕازاوەکانی، شوێنەواری ژیانی خێزانی و پیشەگەرییان پێوە دیارە؛ هاوکات پێکهاتە ئایینییەکان و شوێنە گشتییەکانیش ڕەنگدانەوەی نەریتە هاوبەشەکانی ژیانی کۆمەڵایەتین.

ئەو حەمامەی لە ساڵی ١٧٧٥ بنیاد نراوە، جگە لە پاکوخاوێنی، شوێنێکیش بووە بۆ پێکگەیشتن و ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتیی خەڵکەکە. گفتوگۆکان، دیدارەکان و نەریتە ڕۆژانەکانی پەیوەست بە حەمام، دەریدەخەن کە چۆن چالاکییە ئاسایییەکان بەشدارییان لە دروستبوونی واتا و ڕەهەندی کولتووریی قەڵادا کردووە.




پێکهاتەی فرەکولتووریی قەڵا لە سەردەمی ئەمڕۆماندا لەلایەن مۆزەخانەی ڕستن و چنین و کولتووری کوردی، ماڵی تورکمان و چەندین ناوەندی کولتوورییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت کە لە خانوو و کۆشکە مێژووییە نۆژەنکراوەکاندا چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن. کۆکراوە و ئەرشیڤی ئەم ناوەندانە، سامانی کولتووریی بەرجەستە لەگەڵ زانیاریی ڕستن و چنینی دەستکرد و پیشەگەریدا ئاوێتە دەکەن کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازراونەتەوە. هاوکات ماڵە نۆژەنکراوەکانی دیکەش لە ڕێگەی میوانداریکردنی پێشانگە، نمایش و چالاکییە کولتوورییەکانەوە، ئەرک و کارکردنی نوێی کولتوورییان بەو شوێنانە بەخشیوە کە پێشتر وەک شوێنی نیشتەجێبوون بەکاردەهێنران.

ژیانی ناو قەڵا بەرەو خوارەوەی شارەکەش درێژ دەبێتەوە. بازاڕی قەیسەری، دووکانەکان، داڵانەکان و چایخانەکانی دەوروبەر، قەڵایان کردووەتە بەشێک لە چەقی بازرگانی و کۆمەڵایەتیی هەولێر. قەڵا لە پاڵ مێژووە پڕ لە شکۆکەی، بەم زیندووێتییەی دەوروبەریشییەوە تا ئەمڕۆش چەقێکی سەرەکیی بازاڕکردن، کەسابەت و پێکگەیشتنی خەڵکە.

بەهای گەردوونیی بێوێنەی قەڵای هەولێر

قەڵای هەولێر لە ساڵی ٢٠١٤دا لە چوارچێوەی پێوەری ژمارە (iv)دا خرایە لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆوە، کە تایبەتە بەو پێکهاتە و ناوچە نیشتەجێبوونانەی ڕەنگدانەوەی قۆناغە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتین.

بەهای گەردوونیی بێوێنەی قەڵا لەو پەیوەندییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە نێوان گردە شوێنەوارییەکە و ئەو شوێنەوارە نیشتەجێبوونەی لەسەری دروستکراوە، هەیە. ئەو نەخشەسازییەی شەقامەکان کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی درەنگی عوسمانی، تا ئێستاش لەو کۆڵانە تەنگانەدا دەبینرێت کە لە دەروازە سەرەکییەکەوە درێژ دەبنەوە، هەروەها لە داڕشتنی گەڕەکەکانی نیشتەجێبووندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو خانووانەی بەدرێژاییی لێواری گردەکە دروستکراون، ڕوویەکی دەرەکیی بێپچڕان پێکدەهێنن و شێوە و دیمەنێکی تۆکمەیان بە قەڵاکە بەخشیوە.

ئەم تایبەتمەندییانە نیشانی دەدەن کە چۆن دانیشتووان لە چوارچێوەی سنوورە فیزیکییەکانی گردەکەدا، ژیانی شارییان ڕێکخستووە. لەبەر ئەم هۆکارەش، قەڵا چ لە ڕووی ئەو مێژووەی لە ژێریدا نێژراوە و چ لە ڕووی ئەو پێکهاتە شارستانییەی کە لەسەر ڕووەکەی تا سەردەمی ئەمڕۆمان ماوەتەوە، گرنگییەکی بەرچاوی هەیە.

پاراستن و ئینتیما

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی قەڵا، دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٠٧دا بۆ ناوچەکانی دیکە گوێزرانەوە، بەمەش مێژووی دوورودرێژی ئەم پێکهاتەیە وەک ناوچەیەکی نیشتەجێبوون دووچاری پچڕان هات. سەرباری ئەمەش، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە نەریتی نیشتەجێبوونی بێپچڕان لە قەڵادا، خێزانێک لە ژیانکردن لەوێ بەردەوام بوو. لەبەر ئەوە، پەیوەندیی نێوان دانیشتووانە کۆنەکان و قەڵا نەپچڕا. لە ساڵانی دواتریشدا، دانیشتووانە دێرینەکان، گەشتیاران و خەڵکی شارەکە لە ڕێگەی سەردانیکردن بۆ قەڵا بە مەبەستی کۆبوونەوەکان و نوێژی هەینی، پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ شوێنەکەدا پاراست.

دووبارە بنیاتنانەوەی دەرگای گەورەی باشووری قەڵا، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە یادەوەری و هۆشیاریی خەڵکی ناوچەکە چۆن دەتوانێت خزمەت بە پڕۆسەی پاراستنی شوێنەوارەکان بکات. ئەم دەرگا دێرینە لە ساڵی ١٩٦٠ لەبەر مەترسیی داڕمان و نەبوونی سەلامەتیی تەلارسازی تێکدرا، لە ساڵی ١٩٧٩ش بە نەخشەیەکی تر دروستکرایەوە؛ بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا بە پشتبەستن بە وێنە کۆنەکان، وێنە ئاسمانییەکان و بیرەوەریی خەڵکە ڕەسەنەکەی قەڵا، دەروازەکە بە ڕێکی بە هەمان شێوە و قەبارەی ڕەسەنی خۆی دروستکرایەوە.

بەرنامەی بووژاندنەوە کە یونسکۆ لە ساڵی ٢٠٢٦دا پێشکەشی کردووە؛ نۆژەنکردنەوە و باشترکردنی بیناکان، ڕاهێنانی پیشەوەران و دەستڕەنگینان، چالاکییە کولتوورییەکان و ئەو پاڵپشتییە لەخۆدەگرێت کە پێشکەش بە کارگە و شوێنە بازرگانییە ناوخۆیییەکان دەکرێت. پلانەکان هەروەها دامەزراندنی ناوەندێکی توێژینەوە و بەڵگەنامەکاری، باشترکردنی ڕێڕەوی سەردانکەران و پەرەپێدانی ئەو دەستپێشخەرییانە لەخۆدەگرن کە ئامانجیان گێڕانەوەی مێژووی قەڵایە.

چارەنووس و داهاتووی قەڵای هەولێر گرێدراوی ئەوەیە کە ئەم پڕۆژانە چەندە سەرکەوتوو دەبن لە ئاوێتەکردنەوەی ئەم شوێنە دێرینانە لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە بە ڕەنجی دەست، یادگاری و ژیانی ڕۆژانەیان ڕۆحیان بە بەر قەڵادا کردووە و مانایان پێ بەخشیوە.

سەرچاوەکان

توێژینەوە پەیوەندیدارەکان

Share
Erbil Policy Institute

Erbil Policy Institute